Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 09:53

سامۆیل بێکێت و ئاهەنگی بێهودەیی

بێكێت بۆ خۆی دژایەتی شانۆ و لانی كەم شانۆی لاساییكردنەوەی دەكرد
کوردستان TV
100%

نووسینى/ ئابریل ئۆستن

وەرگێڕانی لە عەرەبی/ ئاكۆ عەبدوڵا

ئەو گفتوگۆیانەم هەردەم لە یادە كە لە كاتی خوێندنی شانۆ لە پۆل دەربارەی كارەكانی بێكێت و هارۆلد پینتەر سازمان دەكرد. ئەوسا مامۆستاكەمان بەپێداگرتنەوە پێشمان دەكەوت، لەوەی شانۆگەریەكانی ئەوانە لەبەر قورسی وەسفكردنیان وەلانراون، وەك ئەو گۆرانیانە وان كە بە بەردەوامی مرۆڤ لە دونیای بێهودەیی هەڵدەگرن. هەر كە سەیری نمایشكردنی (لە چاوەڕوانی گۆدۆ) ی بێكێتشم دەكرد، سەرنجی شێوەی دەنگەكانم دەدا كە دیالۆگەكان بریتیبوون لە مینگە مینگ و زۆر بڵێیی ئاسایی. تێیدا هێلێكی ئاشكرای رووداوەكانیشم نەدەبینی. تەنیا دوو دەرۆزەكەر هەنە و لە چاوەڕوانی دروستكراوێكی نادیاردان كە گۆدۆی ناوە و بۆ ئەوە دێت تا لە كۆیلایەتی سەردەمە بێبەزەییەكان رزگاریان بكات. ئەوسا مامۆستاكەمان ئەوەی بۆ گێڕاینەوە، یەك لە نووسەرەكان لە سەر شانۆگەریەكە وەهای نووسیوە (هیچ شتێك لە گۆدۆ دووجار روونادات). ئەو راستگۆییە چەندە جوانە. یەكەمجار لە كۆتایی بەشی یەكەمی ئەو بەرهەمەدا وام بە خەیاڵداهات كارەكە بە كۆتا گەیشت، هەرچەندە ئەو كات دەمپرسی، بۆچی ئەو دوو سواڵكەرە شەپقەی خڕی رەشیان لەسەرە، بەڵام پرسیارەكەم لە دەروونی خۆمدا دەهێشتەوە. دوای كۆتایهاتنی شانۆگەریەكە، هاوڕێ قوتابییەكانم ئاهی كاریگەری زۆریان بۆ ئەو كارە هەڵدەكێشا، بەڵام نازانم بۆچی ئەوسا من نەمدەتوانی لەیەك لە شاكارە نوێیەكانی سەدەی بیستەمدا بگەم. ناتوانم بەبیر خۆشمی بهێنمەوە كەینێ ئەو كارە زۆر كاری تێكردم، كە ئەوە لە شەو و رۆژێكدا رووینەداوە، بەڵكو دۆزەكە لەوەدا چڕبۆتەوە كە ئەوسا بە گەڕانەوە Resonnance ناودەبرا. ئەو وشەیەش ئەو رۆژگارە لە بەشی شانۆ بۆ وەسفكردنی ئەو شتە بەكاردەهات كە ناخی مرۆڤ دەجولێنێ.

كە لە كۆلیژبووم لە خۆم رانەدەبینی لە ماڵ و چوارچیوەی كار بچمە ناو دونیای گەوران و حەتمیەتی رووبەڕووبوونەوەی رێچكە توندوتیژەكانی رۆتین ببمەوە. ئەو رۆتینەی كە چیژ و سادەیی باوكم و برادەرەكانی فەوتاند. لە گۆدۆدا دیالۆگێك هەیە كە ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە فراوانەم بەبیردێنێتەوە. ڤلادیمێر كە یەك لە سواڵكەرەكانە دەڵێت: "هەوا پڕبووە لە هاوار و ناڵەمان.. بەڵام هەوا كپكارێكی گەورەیە". مارتن ئیسلینی رەخنەگری شانۆیی دەڵێت : "رۆتین لە چاوەڕوانی گۆدۆدا وەك نەریتی خۆی وەستاوە و رێگەی دەرككردنی ئازاری بەبڕشتمان بۆ حەقیقەتی بوونی تەواو لێدەگرێت". ئەوەش ئەو بیرۆكەیەیە كە دەنگدانەوەی لە ناخمدا هەیە. هەستكردنم بەو پێوەندیەی كە دەڵێت، كاری هەر شتێك بە بەردەوامی هەتا كارە باشەكانیش، واتای مەترسیداربوونە بە لەناوچوون لە هەمان كاردا (هەروەك لە شانۆگەریەكەی بێكێتدا دیارە) زیاتر لەوەی درك پێكراوبێت بۆ پاڵنەرەكان و ئامانجەكانی دواوەی كارەكە.

 كە كەوتمە ناو ژیانی پڕاكتیشەوە روانینم بۆ شانۆگەریەكە گۆڕا. گۆدۆ خۆی بەرەڵاكرد بۆ هەزارها لێكدانەوە، لە كۆمیدیاوە بەرەو ئایین و لەویشەوە بەرەو دەروونزانی، هەروەك چۆن زۆر جار لەگەڵ كارە مەزنەكاندا روودەدات. وەهای لێهات بە هەستێكی زیاتر ئایینییەوە لێیبڕوانم. گۆدۆ باسی ئەو كۆتەم بۆ دەكا بۆ ناسینی خوا و بەزەییەكەی و ناسینی پێوەندی برایانەی نێوان بونەوەرەكان و ئازادبوون لە سەردەمی لە دەستچوو. ئەو بێهودەییە جوانەی كە بێكێت خستیتیەڕوو, ئەو چەمكە بەرزانەی لەسەر زمانی سواڵكەرە سیما سەیرەكان، چڕ كراونەتەوە كۆتەكەی كورتكردۆتەوە. ئەوەی لێرەدا سەرسامم دەكا ئەوەیە بێكێت لەگەڵ ئەوەی پیاوێكی ئایینی نەبووە، كەچی بە ئاماژەپێدان بۆ ئەو دوو دزەی كە لەلایەكی مەسیح لە خاچدراون، دەستی بە شانۆگەریەكە كردووە. هەندێك لە ئەفسانە ئینگلیزیەكان دەڵێن : "یەك لە دزەكان بەوانی دیكە دەگات كە گاڵتەیان بە مەسیح دەكرد، كەچی دزێكی دیكە لۆمەی دەكا و رزگاریشی دەكا". جا ئەگەر نووسەرمان شەیدای ئەو چیرۆكە ئایینیانەش نەبووبێت، ئەوە بڕوای بەوە هەبووە وشەكان تاكە شتن كە بڕیاری چارەنووسی ئەو دوو پیاوە بدەن. ئەوەی كە رێیتێدەچێت پێچەوانەش بێت ئەوەیە، ئەو گاڵتە قورسە لە خودی بێكێتەوە بێت.

ڤلادیمێر دەڵێت :"یەك لە دزەكان رزگاری كرد..". ئەمە رێژەیەكی لە بارە. مارتن ئیسلین باسی ئەوە دەكا بێكێت جاركێكیان ئاماژەی بەیەكێك لە پارچەكانی قەدیس ئۆگستین دا (بێهیوا مەبە یەك لە دزەكان رزگاری كرد، لەو بڕوایەش مەبە دزەكانی دیكە نەفرەتییان لێكردبێ). ئەوەش بەڵگەیە لەسەر دروستی خوێندنەوەی ئایینیی بۆ شانۆگەریەكەی گۆدۆ. ئەو شانۆگەریەی وەهام لێكرد پێویستم بە وەڵامی پرسیاری لەو جۆرە بێت، بۆچی خەڵكی هیوایان بە لێبوردەیی خوداوەند هەیە و خۆشیان ناتوانن لەو كارانە بگەن كە دەیانپارێزێت, یاخود بەر نەفرەتیان دەخات؟ سنووری ئەو لەبارییە چییە بۆ ئەو هیوایەمان؟ شێوەی ئەو هیوایە چۆن بوو لەو كاتەی كە سنووری ئارام دەبەزێنرێت؟ ئەمەش ئەوەیە كە ڤلادیمێر و ئۆستراگۆن بە رێچكەكانی دڵڕەقی و خۆشەویستی دەریدەبڕن.

شانۆگەری گۆدۆ شانۆگەریەكی قورسە. یەك لە هۆیەكانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بێكێت بۆ خۆی دژایەتی شانۆ و لانی كەم شانۆی لاساییكردنەوەی دەكرد، بڕوای نە بە گڕێچینی هەبوو نە بە كەسایەتی و نە بە ڕۆڵەكان و رێزبەندی گێڕانەوە. هەروەها هەموو ئەو شتانەی یارمەتی بینەریش دەدەن لە بینین و بیستندا. بێكێت شێوازی شانۆیی مەییوی خاوكردەوە و شكاندی بۆ گەیشتن بە خاڵی قورس لە ئەزموونی مرۆڤایەتیدا. ئەوانەی كە وەهای دەبینی بریتییە لە كێشەیەكی شپرزە و پێكەنیناوی و دڕندە و هەندێك جاریش دڵخۆشكەر. هەروەك ئەوەی گوێم لێبووە بێكێت مرۆڤێكی خراپكردار و لامل و پێداگربوو, لەسەر پێشكەشكردنی تەواوی كارەكانی لە سەر شانۆ. هەروەها گوێشم لێبووە بەخشندە و بە بەزەیش بووە. لە نامەیەك بۆ رۆژنامەی نیو یۆرك تایمز قوتابییەك باس لە گەیشتنی لەگەڵ بێكێت دەكات كە ساڵی1971 لە قاوەخانەیەكی پاریس روویدا. ئەو قوتابییە كە لە هەوادارانی بێكێتە ئەوە دەگێڕێتەوە (بۆ ماوەی كاتژمێرێك دوو قۆڵی باسمان لە ئەدەب كرد. لەو دانیشتنەشدا بێكێت هەستی بە دەستكورتی من كرد). بۆ هەمان شەو بەڕیوەبەرایەتی كۆلیژ قوتابییەكەی بانگكرد و ئەو پارەیەی پێدا كە بێكێت وەك خەرجی رۆژانە بۆی ناردبوو.

كەسایەتی نووسەر هەر چۆنێك بێت، شانۆگەریەكی دیكەی وەهای نەنووسی كە ناوی خۆی پێوە بلكێت، هەروەك ئەوەی لەگەڵ گۆدۆدا روویدا. زمانیشى بەو جۆرە بەكارنەهێنرا هەروەك ئەوەی هاواری ڤلادیمێر و ئۆستراگۆن پێدەكرێ. ئەمە و زۆر بەكەمیش شێوازی نووسەرانی سەدەی بیستەم گەیشتە ئەو توانایەی كە بێكێت پێیگەیشت، هەروەك ئەوەی ئید رۆم وەسفی دەكات بە (شۆڕبوونەوە بەرەو خاڵی وونبوون). ئەوەی ئەمرۆ لە ناخمدا دەنگدەداتەوە بریتییە لە ستایل و نامۆیی نووسینی بێكێت. تاكە كەسێك چۆن دەتوانێت بە تەواوی بۆ سەدان هەزار مرۆڤ، پتەوی و نەرمی و نیانی دەروونی مرۆڤ بەدیاربخات. یاخود چۆن دەتوانێت وەسفی ئەو گاڵتەجاڕییە بكات كە هیچ لێكدانەوەیەكی لە دواوەی ژیانی مرۆڤ دانییە. ئەمە ئەو شتەیە كە لەو كۆلێژە فێری بووم كە تا هەتایە لە یادم ناچێت.

كوردستان TV

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.