Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 18:28

سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان: ئازارو ناسۆریی کوردانی ئێزدی خه‌م و ئازاری هه‌مووانه

کوردستان TV
100%

راگه‌یاندنى په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2020/9/13، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ژماره‌یه‌ك له‌ئافره‌تان و كچانی ڕزگاربووی ژێر ده‌ستی تیرۆرستانی داعش كرد.


راشیده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌دیدارێكدا كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگیی ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تیی پێشمه‌رگه‌ بۆ كاری مرۆیی ڕێكخرابوو، دوای به‌خێرهێنانیان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وردی تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانییه‌ی كه‌به‌سه‌ر خوشك و برا ئێزدییه‌كان هاتووه‌ له‌شنگال و ده‌وروبه‌ری، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێزیدی نشینن و
ڕایگه‌یاند: ئازارو ناسۆریی كوردانی ئێزدی خه‌م و ئازاری هه‌مووانه‌، له‌كاتێكدا قه‌ره‌بووی دۆسییه‌ی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندیی به‌حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان خۆمان به‌به‌رپرسیار ده‌زانین به‌رامبه‌ر ئه‌م تراژیدیایه‌، په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ناساندنی تاوانه‌كه‌، هاوكات پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سنووری ده‌ستڕۆییه‌كانیدا به‌ده‌نگ هه‌موو داواكارییه‌كانی ئه‌و خانه‌وادانه‌وه‌ بچێت كه‌كچ و ئافره‌ت و منداڵه‌كانیان ڕفێندراون له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا دایكه‌ شه‌مێ به‌نوێنه‌رایه‌تیی ژنان و كچانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش، به‌شێك له‌ ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی ئێزدییان و كه‌سوكارو خانه‌واده‌كانیانی خسته‌ڕوو، كه‌ تاوه‌كو ئێستا ئافره‌ت و ژن و منداڵه‌كانیان بێسه‌روشوێن و بێ ناونیشان ماوه‌ته‌وه‌.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، جارێكی تر پاڵپشتیی خۆی بۆ داوا ڕه‌واكانیان ده‌ربڕی و هاوخه‌میی خۆی بۆ ئه‌م برینه‌ قووڵه‌یان دووپات كرده‌وه‌.

 

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.