Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:28

جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای تەکیە - ئاخجەلەر خێراتر دەکرێت و پڕۆژه‌ی رێگای سلێمانی - ڕانیەش بەگەڕدەخرێتەوە

کوردستان TV
100%

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن پڕۆژەی رێگای (تەکیە-ئاخجەلەر) بەسەردەکاتەوەو رایدەگەیەنێت؛ بەڵێندەری پڕۆژەکەمان راسپارد کە بە خێرایی و بەھەمو توانایانەوە دەستبکەن بە کارکردن بۆ ئەوەی پێش وەرزی زستان تەواو بکرێت.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەمیانی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکەدا کە قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری سنورەکە یاوەریان دەکرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھاتوین لە نزیکەوە لە چۆنێتی بەڕێوەچونی پرۆژەکە بکۆڵینەوە و رێنماییماندا بە بەڵێندەری پڕۆژەکە کە بە خێرایی و بەھەمو توانایانەوە دەستبکەن بە کارکردن بۆ ئەوەی پێش وەرزی زستان تەواو بکرێت، ئێمەش وەک وەزارەت ھەوڵدەدەین ھەمو شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا بۆ دابین بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەمو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر بودجەی ٢٠٢٠ رێکبکەوین، ئەمەش جێگیرییەک بە ئابوری ھەرێمی کوردستان دەدات و ھەناسەیەکیش دەدات بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە بتوانێت پڕۆژە گرنگەکان دەستپێبکاتەوە بۆ خزمەتکردن بە ھاوڵاتیان.

ھاوکات تیشکی خستە سەر ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی رابردودا بڕیاری دەستپێکردنیان دراوەو تائێستا تەواو نەکراون و وتی:«لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ کۆمەڵێک پڕۆژە دەستیان پێکردوە بەڵام تائێستا تەواو نەکراون، لەکاتێکدا توانایەکی باش لەبەردەم حکومەتی ھەرێمدا بوە لەوکاتانەداو تەواو نەکراون، بۆیە ئەم کابینەیە بەرپرس نیە لە دواکەوتنی، بەڵام ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەم کابینەیە ئەو توانایەی لەبەردەستیدایە دەیخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی کوردستان.

سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای سلێمانی-رانیە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەڵێت: ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و داوامان کردوە لە ئەنجومەنی وەزیران کە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بەکارکردن بکرێتەوەو بەمزوانەش سەردانی پڕۆژەکە دەکەین بۆ ئەوەی بە گەڕی بخەینەوە.

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.