Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:30

هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئێران کۆڵبه‌رێکی کوردیان به‌ برینداری کوشت

کوردستان TV
100%


کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی شاری شنۆ دوای دەستبەسەرکران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران کوژراوە و دوو کۆڵبەریش لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بریندار کراون.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران  لە سنوورەکانی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی سەلاحەدین عیسازادە، کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دوای بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرە، دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و لە کۆتاییدا بە تەقەی راستەوخۆ کوشتوویانە.

راشیده‌گه‌یه‌نن كه‌ سەلاحەدین عیسازادە تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی گوندی شێوەسماک سەربە شاری شنۆ بووە کە دوایی کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ ساردخانەی شاری نەغەدە ، كه‌ ناوەندە ئەمنیەکان بە مەرجی میدیایی نەکردنی ئەو هەواڵە تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

هه‌نگاو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كة لەلایەکی دیکەوە رۆژی یەکشەممە 24ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی بارزان، لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە ته‌قەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بەسەختی پێکراوە و رەوانەی ناوەندە ته‌ندرووستییەکانی ئەو شارە کراوە.

هەروەها، رۆژی شەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی قوڵقوڵە سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی فاتێح مەحموودی، تەمەن 34 ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بەسەختی بریندار بووە. ناوبراو لە کاتی هەڵاتن لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەربووەتەوە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.