د.بەشیر حەداد و وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی پرۆسەی خوێندنیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر سەردانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و دکتۆر سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتەوه پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا ژمارهیهك بهرێوهبهری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت ئامادەى بوون، دکتۆر بەشیر حەداد بەناوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستخۆشی لە وەزیر و تیمی وەزارەتی پەروردە کرد کە توانیان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە خوێندنی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان تێپەڕێنن و رێگە نەدەن بەرهەمی رەنجی ساڵێکی قوتابیان بفەوتێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بە خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، خوێندنی ئەلیکترۆنی باشترین بژاردەیە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا و رەنگە لەو بژاردەیە باشتر نەبێت و هیواشی خواست کارئاسانی تەواو بکرێت بۆ قوتابخانەی شوێنە دوورە دەستەکان بۆ ئەوەی هیچ قوتابیەک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە پرۆسەی خوێندن بێ بەش نەبێت و ئاماژەی بە گرنگی و پەرەپێدانی زیاتری تەلەفزیۆنی پەروەردە کرد لەو پرۆسەیەدا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، دکتۆر بەشیر حەداد جەختی لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ کردەوە و ئامادەیی خۆی و پەرلەمانتارانی دیکەی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پیشان دا لە بەهێزکردنی ئەو هەماهەنگیەدا بۆ ئەوەی بتوانن سود لە ئەزموونی یەکتری وەرگرن و راوێژی زیاتر بە یەکتری بکەن، هەروەها ئەو کێشانەی کە دێنە بەردەم پرۆسەی خوێندن بە زووی چارەسەر بکرێن بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان .
لەلایەن خۆیەوە ئالان حمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێی کوردستان سوپاسی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و بە تێرو تەسەلی باسی لە کارەکانی وەزارەتی پەروەردە کرد بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.