وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگهیاند: كار لەسەر هەماهەنگی نێوان كارگەكان و جوتیاران دەكەین بۆ بەكارهێنانی بەرهەمی جوتیاران لەلایەن كارگەكان.
ئەمڕۆ دووشەممە 14/9/2020 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لەنێوان بەڕێوەبەری گشتی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی پەیوەندار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی.
لە كۆبوونەوەكە كە كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامادە بوو، گفتوگۆ كرا تایبەت بە لێكتێگەیشتنی نێوانیان بۆ برەودان بە وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو تیشكی خستەسەر هەماهەنگی نێوان كارگەكان و جوتیاران بۆ بەكارهێنانی بەرهەمی جوتیاران لەلایەن كارگەكان بە چاودێری وەزارەت.
هەروەها برەودان بە وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوە، ئاماژە بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی كرا بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتە پەیوەندارەكان، هەروەها لە چوار چێوەی یاسا بەركارەكان ئاسانكاری بكرێت و هانی سەرمایەداران دەدرێت وەبەرهێنان لەكەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.