Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 10:44

ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی پێشبینی ڕوودانی چه‌ند دیارده‌یه‌کی گه‌ردوونی ده‌کات لە سێ مانگی داهاتوودا

کوردستان TV
100%

 

بە پێی لێكۆڵینەوە هەرە نوێیەكانی پسپۆڕانی كەش و ئاوو هەوای جیهانی و بە پشت بەستن بە بڵاوكراوەی مانگی ئابی ئەمساڵی (رێكخراوی كەشناسی جیهانیی)، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دیاردەی (لانینا – La Nina) هەیەو بە رێژەی %60 لە ماوەی نێوان مانگەكانی (ئەیلول و تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم) ی ئەمساڵ درێژە دەكێشێ.

دیاردەی (لانینا - La Nina) بریتییە لە پرۆسەی ساردبوونەوەی رووبەرێكی زۆر فراوانی (زەریای هێمن) لە ناوچە كەمەرییەكانی، كە لە كەناراوەكانی (پیڕۆ) لە (ئەمریكای باشوور) ەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە ناوچەكانی ناوەڕاستی زەریایەكە، دوای ئەوەی تەوژمی ژێر دەریایی ناسراو بە (تەوژمی هامبۆڵت) بارستەی ئاوی سارد لە ناوچەكانی (زەریای بەستووی باشوور) ەوە بەرز دەكاتەوە تا دەگاتە درێژایی ناوچە كەنارییەكانی (پیڕۆ) و پاشان بە درێژایی ناوچەی كەمەریی درێژ دەبێتەوەو تەشەنە دەكات، لە بەرامبەدا (تەوژمی بای بازرگانی) دەستدەكات بە راكێشانی تەوژمەكانی نێو قوڵایی ئاوی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی (زەریای هێمن) بۆ ناوچەكانی سەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی رووی ئاوی زەریا لەو ناوچانەدا، كە بە دەورییەوە، دەبێتە هۆی گۆڕان لە دینامیكییەی كاركردنی بەرگەهەوای زەوی لەسەر ئەو ناوچەیە لە قۆناغی سەرەتایی و پاشان دەبێتە هۆی نانەوەی گۆڕانكاریی لاواز تا بەهێز لە كەش و ئاوو هەوای جیهاندا، وەك بارانبارینی زۆر بەخوڕو سەرهەڵدانی لافاو لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە دەبێتە هۆی نانەوەی وشكەساڵی و كەمبارانی لە وڵات و ناوچەی دیكەدا. لە بەرامبەردا، دیاردەی (ئەلنینۆ – El Nino) هەیە كە پێچەوانەی ئەو دیاردەیەیە، واتە رووبەرە زەریاییەكە گەرم دادێ و ئەویش وەك (La Nina) كاردانەوەی نامۆی دەبێ لەسەر كەش و ئاوو هەوای جیهانیدا.

لەم بارەیەوە، (پیتیری تالاس) ی ئەمینداری گشتیی (رێكخراوی كەشناسیی جیهانیی) گوتی:" سەرەڕای سەرهەڵدانی دیاردەی (لانینا)، بەڵام كاریگەرییە ساردەكەی بەس نییە بۆ هاوسەنگ كردنی دەرەنجامە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەش و هەوای جیهانیی كە لە سەر دەستی ئادەمیزادەوە هاتوونەتە ئاراوە". هەروەها گوتی:"ساڵی 2020 بە ئاراستەیەكی وا دەڕوات كە ببێتە یەكێ لە گەرمترین ساڵەكان و چەندین دیاردەی نامۆی تیایدا روویداوە، لە بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری پلەكانی گەرماو سووتانی دارستانەكان، تا لافاوی وێرانكارو شەپۆلی گەرمبوونی دەریایی، هۆكاری زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەش بەهۆی گازە گەرمكارەكان و سەرهەڵدانی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمییەوەیە نەوەك بەهۆی كاریگەریی كەش و ئاوو هەوایی سروشتییەوە". راپۆرتی نوێكراو، واتە (Update) ی رێكخراوی كەشناسی جیهانیی ئاماژەی بەوە داوە كەوا ئەمجارەیان سەرەڕای سەرهەڵدانی دیاردەی ( La Nina)، كەچی ئەوەی زۆر نامۆو سەیرە كەوا بەشێوەیەكی گشتی لەماوەی نێوان مانگەكانی (ئەیلول تا كۆتایی تشرینی دووەم) ی ئەمساڵ، پلەكانی گەرمای رووی دەریا لە زۆربەی زۆری جیهاندا لەسەرووی ئاستی مامناوەندی خۆیان دەبن! ئەمەش كاردەكاتە سەر ریتمی دابەشبوونی پلەكانی گەرما لەسەر رووی زەویدا.

سەربارەت بە پێشبینی كردنی ئاستەكانی بارانبارین، ئەوا راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات، لەگەڵ بوونی دیاردەی ( La Nina) و چەندین هۆكاری دیكەی هەرێمیی ناوچەكانی جیهاندا، ئەگەری نزمبوونەوەی ئاستی وەرزی بارانبارین تا ئاستی كەمتر لە نێوەندی رێژەی ساڵانە لە ناوچەكانی (شاخی ئەفریقی) كە بریتییە لە وڵاتانی (سۆماڵ و جیبۆتی و ئەریتیریاو كینیاو ئەسیوبیا) و هەروەها ناوچەكانی باشووری ئەفریقیاو رۆژئاوا تا باشووری رۆژهەڵاتی (زەریای هێمن) و ناوچەكانی (ناوەڕاستی ئەمریكای باكوور) دا تۆماردەكرێن، وە بە پێچەوانەوە، رێژەی بەرزتر لە ئاستی خۆی لە ناوچەكانی (باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا) و چەند ناوچەیەك لە (ئوسترالیا) تۆماربكرێ، ئەمە جگە پێشبینیكردنی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرمای رووی دەریا بۆ ژێرەوەی ئاستی مامناوەندی لە ناوچەكانی (رۆژهەڵاتی ناوچە كەمەرییەكانی زەریای هێمن)، وە لە هەمان كاتدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دیاردەی ( La Nina) لەماوەی نێوان (كانوونی یەكەمی 2020) تا (شوباتی 2021) بە رێژەی %55 كەمتر دەبێتەوە. جێگای ئاماژەیە كەوا دوایین دیاردەی ( La Nina) لە ماوەی نێوان ساڵانی 2017 و 2018 ەدا روویداو ماوەیەكی كەمی خایاندو هێزەكەشی لەنێوان لاواز تا مامناوەندی بوو و دەستپێكی لە تشرینی دووەی 2017 و لە نیسانی 2018 كۆتایی پێهات. وەرگێڕانی: ئەژی چەتۆ حەسەن سەرچاوە: پەیجی (رێكخراوی كەشناسیی جیهانیی – WMO)

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.