فراكسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهڵێت : سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران رەتی دەكاتەوە یاسای هەڵبژاردنەكان، بە ئامانجی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی، بخرێتە كارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
لەمبارەیەوە گاتع روكابی، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: محەمەد حەلبوسی دەڵێت كە لە ماوەكانی رابردوودا، دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكاندا دراوە و ناكرێت دووبارە دەنگی لەسەر بدرێتەوە، تا ئەو كاتەی لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە پەسەند نەكرێت و لە رۆژنامەی فەرمییدا بڵاونەكرێتەوە.
گاتع روكابی راشیگەیاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە هێزە سیاسییەكانی راگەیاندووە كە ناتواندرێت هەمواركردنەوەی ژمارەیەك لە بڕگەكانی نێو یاسای هەڵبژاردنەكان بخرێتە دەنگدانەوە تا لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە، یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكرێت و گوتی: دەتواندرێت لە میانی پێشكەشكردنی داواكارییەك بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران كە لەلایەن 100 ئەندامی ئەنجوومەن واژووكرابێت، هەمواركردنەوەی بڕگەكانی نێو یاسای هەڵبژاردنەكان، بخرێتە دەنگدانەوە.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژە یاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.