بهمهبهستی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان لەگەڵ حكوومهتی ناوهند لیژنەی شەهیدان له پهرلهمانی كوردستان سهردانی بەغدا دهكات.
بهمهبهستی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان لەگەڵ بەغداو گفتوگۆکردن لەسەر مینحەی زیندانیانی سیاسی، ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/15، لیژنهی كاروبارى شههیدان و جینۆسایدو زیندانیانى سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان، بەسەرپەرشتیى سوسن محەمەد میرخان سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سهرۆكی لیژنهو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانى لیژنەکە کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەكەدا تەواوى ئەو نوسراوانەى ئاڕاستەى لیژنەکە کرابوون تاووتوێ کران و گفتوگۆ لەسەر ئهو نوسراوە کرا کە دەبوو بۆ حکومەت بنێردرێت سەبارەت بەزیندانیانی سیاسی ئەوانەى کە مینحەکەیان تەواو بووە بۆ ئەوەى کەسانی تر لەشوێنیان دابنرێت کەتاوەکو ئێستا مینحەکەیان وەرگرتووە.
دواتر باسی کچ و کوڕانى شەهید کرا لە (خوێندنى باڵا) بۆ بەشداریکردنیان لەدووبارەکردنەوەى تاقیکردنەوەى تایبەت بە (ماستەرو دوکتۆرا) لە (زانکۆی سۆران) بۆیە لیژنەیەک پێکهێنرا بۆئەوەى سەردانى زانکۆكه بکات.
پاشان باسی سەردانەکەى دەستەى سەرۆکایەتیى لیژنەکە کرا بۆ لاى بەڕێز سەرۆکى پەرلەمان سەبارەت بەکێشەو گرفتەکانى لیژنەى شەهیدان بەگشتى.
ههر لهكۆبوونهوهكهدا گفتوگۆکرا سەبارەت بەسەردانى لیژنەكه بۆ (بەغدا)و زۆرینەى ئەندامان هاوڕابوون لەسەر ئەوەى لەسەردانەکەدا وتەکانمان هەماهەنگ بن لەگەڵ ههڵوێستی حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆئهوهی ئەجێنداى سەردانەکەش بەوردى دیاری بکرێت، بڕیاردرا لەکۆبوونەوەى داهاتوو خاڵەکان دیاری بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.