Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 11:43

میلیشیا عێراقییەکان بە تیرۆرکردنی خێزانه‌ کورده‌که‌ی به‌غدا  تۆمەتبار ده‌کرێن

کوردستان TV
100%

چالاكوانانی عێراق میلیشیا عێراقییەكان  بە تیرۆركردنی شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی تۆمەتباركردووە، چونكە ئەو خێزانە كورد بەوە ناسراوبوون كە پاڵپشتییان لە خۆپیشاندانەكان كردووە.

راگەیەندرا كە سێ کەسی خێزانێکی كورد لە ماڵەكەی خۆیاندا لە رۆژئاوای بەغدا لەلایەن ژمارەیەك كەسی نەناسراوەوە، سەربڕدراون.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ میدیاكانی خۆجێی ئاشكرای كردووە كە ژمارەیەك كەسی نەناسراو، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێكی كورد لە پشت بابلیۆن مۆڵ لە ناوچەی مەنسوور رۆژئاوای بەغدا و سێ کەسیان سەربڕیوە كە كچ و باوك و دایك بوون.

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمنی رایگەیاند، ئەو خێزانەی كە لەلایەن ژمارەیەك كەسی نەناسراوەوە سەربڕاون، كوردبوون و دانیشتوانی ناوچەی مەسنوور بوون و كچەكەیش ناوی شیلان دارا رەئوف-ە و دەرمانسازبوو لە شاری پزیشكیی بەغدا لە بەشی شێرپەنجە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد كە دایكی كچەكە ناوی عالیە رەشید نەجم-ە و فەرمانبەر بوو لە فەرمانگەی دامەزراوە ئایینی و خێراخوازییەکان و دوو ساڵ لەمەوبەر خانەنشینكرابوو.

هەروەها لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، چالاكوانانی عێراق كاردانەویان لەسەر سەربڕینی كچە چالاكوانی كورد دەرمانساز، شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی لە ناوچەی مەنسوور رۆژئاوای بەغدا نیشانداوە.

چالاكوانانی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رایانگەیاندووە كە شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لە ناوچەی مەنسوور، سەربڕدراون و دزییان لێکراوە.

لە چوارچێوەی كاردانەوەكاندا، چالاكوانانی عێراق میلیشیا عێراقییەكان بە تیرۆركردنی شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی تۆمەتباركردووە، چونكە ئەو خێزانە كورد بەوە ناسراوبوون كە پاڵپشتییان لە خۆپیشاندانەكان كردووە، جگە لەوەیش ماڵی ئەو خێزانە كوردە دەكەوێتە ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنی لەنێوان باڵیۆزخانەكانی رووسیا و بەحرێن و هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو تاوانە ئەنجام بدات جگە لە میلیشیاكان نەبێت.

هەروەها چالاكوانان داوایان لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كردووە كە لێكۆڵینەوە لەو تاوانە بكات و سزای توندی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بدات.

ژێده‌ر / ئه‌نادۆڵو

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.