Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 13:34

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان و بودجەی فیدراڵیی عێراق تاووتوێ دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/16 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی شەهیدانی کوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە قەزای زاخۆ دەکەینەوە کە لە 16 ی ئەیلوولی 1969 ڕژێمی بەعس تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و چەندین کەس لە هاووڵاتییانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەکە شەهید بوون. پاشان سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کە هیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت . گوتیشی کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە،

بەڵکو جيا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت ، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیەکانە لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. ئینجا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ڕێرەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕوو.

ئاماژەشی بەوەدا کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت. پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو ، کە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.

تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەنديیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023 کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد وئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد ، کە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.