بە مەبەستی زۆرتر بایەخدان بە پاراستنی ژینگە كە یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاگەداربوون لە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی كۆكردنەوەی خاشاك و وەرگرتنی زانیاریی نوێ لەسەر هەنگاوی نوێی كارگەكانی چارەسەركردنی خاشاك، رۆژی پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2020، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چەند دەڤەرێكی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر بەسەر كردەوە.
لەو بەدواداچوونە مەیدانییەدا كە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و بەڕێوەبەری خاشاك و ژینگەپارێزیی وەزارەت یاوەری بوون، سەرەتا لە بەستۆرە دەستی پێ كرد و لەوێ چۆنییەتیی كۆكردنەوەی خاشاك و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی خستە ژێر ئامانجی ئایا تا چەند ڕەچاوی خاوێنی و ژینگەپارێزی كراوە و داوای لە سەرۆكی شارەوانیی دەڤەرەكە كرد، دەبێ ئەو پرۆسەیە بەبێ كەموكوڕی بەڕێوە بچێت.
دواتر بۆ هەمان مەبەست شوێنەكانی هەڵگرتنەوەی خاشاك لە سێڕیانی گۆمەسپان بەسەر كرایەوە، پاشان دۆخی ژینگەپارێزی لە زۆرێك لە گوندەكانی چیای سەفین كۆڵییەوە، وەك قەڵاسنج، خۆران، تەوسكە و چەند گوند و ناوچەیەكی دیكە.
لەو سەردانە مەیدانییەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامانجی خۆی بۆ سەرۆكی شارەوانییەكان كە هەریەكەیان لە دەڤەری خۆیان یاوەری سەردانەكە بوون، ڕوون كردەوە و پێی گوتن: بەپێویستمان زانی بە رێگاکانی دەوری هەولێر و شار و شارۆچکەکانیدا بگەڕێین بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری رەوشی ژینگەپارێزی و فڕێدان و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک ببین، دواتر هەر گرفتێك هەبوو، چارەسەری بکەین.
لە درێژەی بەدواداچوونە مەیدانییەكەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، هەموو ئەو شوێنانەی بۆ كۆكردنەوەی خاشاك دابین كراون پشكنی كە خۆی لە خاڵەكانی سەر ڕێگەی هیران شەقڵاوە، پاشان خەلیفان، دواتر سۆران، دۆڵی ئاڵانە، هەریر و شەقڵاوە دەبینێتەوە.
ساسان عەونی، مەبەستێكی دیكەی گرنگی ئەم سەردانە مەیدانییەی ڕوون كردەوە و گوتی: لە نزیکەوە ئاگەداربوون لە ئاستی ئەدای ئەو کۆمپانیایانەی تایبەتن بە کۆکردنەوەی زبڵ و چارەسەری خاشاک، لەهەمان کاتیشدا بزانین چاودێری فەرمانگەکانی حکوومەت و ئاگەدارییان لە رەوشی ژینگەپارێزی چەندە، چونکە یەکێک لە ئەولەویاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی خاشاکە، واتە هەم کارایی کۆمپانیاکان، هەم کارایی دامودەزگاکانی شارەوانی و فەرمانگەکانمان هەڵدەسەنگێنین.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخێكی سەرەكی بە ژینگەپارێزی داوە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە پشكێكی بنەڕەتی لەو بایەخە بەركەوتووە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی كارگەی چارەسەركردنی خاشاك لە هەموو شار و شارۆچكە گەورەكان و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزاریی خاوێنكردنەوە و بەرزكردنەوەی كوالیتیی ئەو خزمەتگوارییانە، ژینگەیەكی خاوێن بێنێتە ئاراوە.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.