Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 03:41

د. کاتۆ سه‌عدولڵا : زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ئیسرائیل نزیک ده‌بنه‌وه‌

رێككه‌وتنی ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌مری واقیعه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكاش پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت
د. كاتۆ سه‌عدولڵا : زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ئیسرائیل نزیك ده‌بنه‌وه‌
کوردستان TV
100%

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ کاریگەری و لێکەوتەکانی نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ناوچه‌كه‌  د. كاتۆ سه‌عدولڵا چاودێری سیاسی رایگه‌یاند

كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو 2 وڵاتی عه‌ره‌بی دوای 27 ساڵ نه‌بوون یان ساردی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل  توانیان له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل نزیك ببنه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش زیاتر بۆ رۆڵی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها  به‌شێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی دركیان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ مه‌ترسی ئێران زۆر زیاتره‌ له‌ مه‌ترسی ئیسرائیل و ئه‌و ئالۆزی و ناسه‌قامگیرییه‌ی ناوچه‌كه‌ زیاتر بۆ رۆلی خراپی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .

د. كاتۆ سه‌عدولڵا چاودێری سیاسی  روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئابووری ئه‌و وڵاتانانه‌ زیاتر روو له‌ گه‌شه‌كردن ده‌چێت ، هه‌ر وڵاتێكی عه‌ره‌بیش پشتیوانی ئیسرائیل بكات ئه‌وا له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێت .

سه‌باره‌ت به‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ، ئه‌و دانوستانانه‌ به‌ر له‌ 3 ساڵ ده‌ستیپێكردووه‌ وپرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامیشی ده‌بێت هه‌رچه‌ند له‌ناو ئه‌مه‌ریكا دیموكراتیه‌كان زۆر به‌ گرنگییان وه‌رنه‌گرت ، به‌ڵام دۆناڵد ترامپ به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی وه‌سفكرد .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ فه‌له‌ستین زۆر هاوكاری كراون له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئیسرئیل ، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ واتا ئیمارات و به‌حره‌ین زیاتر هاوكاری فه‌له‌ستینیان كردووه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ سعودییه‌ش گوتی : سعودیه‌ تێگه‌یشتنێكی باشی هه‌یه‌ له‌ گه‌ل ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و ره‌زامه‌ندی نیشانیشداوه‌ به‌وه‌ی فرۆكه‌ی ئیسرائیل به‌ سه‌ر ئاسمانی سعودیه‌ بسوڕیته‌وه‌ .ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی باش و ئه‌رێنییه‌  

راشیگه‌یاند كه‌ سعودیه‌ و عومان و كوێت ومه‌غریب  چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ له‌ ئیسرائیل نزیك ده‌بنه‌وه‌ ، به‌ڵام با واقیعی بین كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و ئه‌و كاره‌ ئاسان نیه‌ پاش 70 سال ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ رووبدات به‌ تایبه‌تی له‌ رووی ئاینیه‌وه‌ كه‌ دوو ئاینن له‌ لایه‌ن كه‌سانی توندره‌وه‌وه‌ دژایه‌تی یه‌ك ده‌كه‌ن  به‌ تایبه‌تی وه‌هابیه‌كان . به‌ڵام به‌باوه‌ڕی ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ دروست ده‌بێت .

سه‌باره‌ت به‌  توركیا گوتی توركیا په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها قه‌ته‌ریش ، به‌ڵام بۆ خۆیان به‌ حه‌لال ده‌زانن و بۆ خه‌لكی دیكه‌ به‌ حه‌رام .

 سه‌باره‌ت به‌ ئێران ، ئێران تووشی شۆك بووه‌ و گۆرانكاری گه‌وره‌ رووده‌دات ونه‌یاره‌كانی ئێران روو له‌ زیادبوون ده‌كات .

ئایا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئالۆزی دروست ده‌كات ، به‌رای د. كاتۆ سه‌عدولڵا میسر كه‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ری لێیه‌ ، به‌ڵام ئالۆزی دروست نه‌بوو ، هه‌روه‌ها ئوردنیش به‌هه‌مان شێوه‌ ،به‌ هه‌زاره‌ها فه‌له‌ستینی له‌و وڵاته‌ ده‌ژین به‌ڵام ‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ ئالۆز بێت .

ئێستا تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ فه‌له‌ستین و ئیسرائیل ببنه‌ دوو ده‌وڵه‌ت . ئه‌و ئاژاوه‌ی كه‌ بوونی هه‌یه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ناوچه‌كه‌ زیاتر ئێرانه‌ .

ئیران له‌ وه‌زعێكی زۆر خراپدایه‌ ، له‌ رووی ئابووری كه‌ ناتوانێ هاوكاری بزوتنه‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان بكات و له‌ ئاینده‌ش وه‌زعی ئێران به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت . یان پێویسته‌ ره‌زامه‌ندی له‌ سه‌ر داواكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات كه‌ ده‌ست له‌ ناوچه‌كه‌ وه‌رنه‌دات یان ئه‌وه‌تا په‌راوێز ده‌خرێت و زیاتر گۆشه‌گیر ده‌بێت .

ئه‌مرۆ ده‌بینین كه‌ عه‌ره‌ب به‌ر له‌ كورد له‌ ئیسرائیل نزیك بوونه‌وه‌ ، كه‌پێشتر  وا وه‌سفیان ده‌كرد كه‌ كورد په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ناتوانن ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بۆ كورد دروست بكه‌ن و گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل خزمه‌ت به‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات و گرفته‌كان روو له‌ چاره‌سه‌ربوون ده‌كه‌ن .

ئیسرائیل به‌رده‌وام پشتگیری له‌ كورد كردووه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بووه‌ ناره‌حه‌تی زۆر له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ . سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كاتی خۆی له‌ لێدوانێكدا باسی ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه‌ ئه‌وا ئێمه‌ش ئه‌وكات رێگا ده‌ده‌ین كه‌ قونسولخانه‌ی ئیسرائیل له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا گوشار زیاتر له‌ سه‌ر ئێران ده‌كات بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌ ئێران پشتیوانیان ده‌كات به‌ره‌و لاواز بوون ده‌چێت .

سه‌باره‌ت به‌ سوریا و لوبنان به‌ڕێزیان ئاماژه‌یدا كه‌ دوور نیه‌ سوریا و لوبنانیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ به‌ر خراپی بارودۆخی ئابووری وڵاته‌كانیان و گوتی : كه‌س ناتوانێت دژایه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بكات به‌ تایبه‌تی ئێران چونكه‌ رۆژ به‌ رۆژ ئێران به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت و فشاری گه‌وره‌ی له‌ سه‌ره‌

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانیین بلێین كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌مری واقیعه‌ ئه‌گه‌ر دوای هه‌ڵبژاردن بایدنیش ده‌ربچێت ئه‌وا پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت .

كوردستان TV

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.