Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 16:18

سابیر کوردستانى ... هونەرمەندێکى بێدەنگ و بێ خواست ...!

یاد و یادەوەرییە شیرینەکانى هەمووکات بەرزو پڕشکۆ بێت
کوردستان TV
100%

جەمالی دەلاک

چل ڕۆژ تێپەڕبوون بەسەر کۆچی ناوەختی هونەرمەند سابیر کوردستانی ،،،لەسەرەمەرگیشدا کەس دەنگی نەبیست ،،،،،،، لەڕۆژگارێکدا وڵاتمان لەژێر زەبرو زەنگى داگیرکەردا دەیناڵاند، بەتایبەت شارى کەرکوک ،لەو هەلو مەرجە دژوار و پر چەوسانەوەیەدا، هونەرمەندێکى دەنگخۆش و گەروو پاراوى کوردى وهەڵگرى بۆن بەرامەى گەرمیان لەشارى کەرکوکەوە دەرکەوت ، هاوشانى هونەرمەندانى ئەوشارە چریکاندى و دەنگە خۆشەکەى دا بەگوێی بینەران و بیسەران دا .

لەو سەردەمەدا هەموو شتێک یاساغ بوو ، تەنانەت ناونانى منداڵ و جگەرگۆشەکان بەناوى کوردى ،بەڵام ئەو هونەرمەندە بوێرانە ناوە پیرۆزەکەى ( کوردستان ) ى کردە پاشگرى ناو و نازناوى هونەرى ، ئەوهونەرمەندە (سابیرکوردستانى ) بوو . سابیرکوردستانى هونەرمەندێکى ( نابینا ) بەڵام تەنیا لەچاوى دڵى ڕوون و گەشاوەوە لە جوانییەکانى ژیان و بەرزى و پیرۆزى هونەرەکەى ڕووانیوە . لەدەستپێکى کارى هونەرییەوە لەژێر کاریگەرى دەنگى خۆش و هونەرى جوانى گەورە هونەرمەندان ( مامۆستا عەلى مەردان و محەمەدى ماملێ و تایەرتۆفیق ) و هەروەها کاریگەرى مەقامە ڕەسەنەکانى شارى کەرکوک و گەرمیان زیاتر عاشق بەهونەرى نەتەوەکەى بووە . کوردستانى بەهرەمەند و تواناى چڕینى ئاوازو بەستەو مەقامى کوردى هەبووە ، وەنابێ ڕۆڵ و هاوکارى و پشتیوانى مامۆستاى بەستە و مەقام ( عەلى مەردان ) فەرامۆش بکەین لەهونەرى سابیرکوردستانى دا .

سابیر کوردستانى بەو عەشقە پاک و بێگەردەى هەیبووە بۆهونەرى موزیک و مەقام و گۆرانى کوردى هەنگاوى بۆئەو دونیا جوانەى هونەر هەڵگرتووە ، بەهەستێکى نابینایانەوە تێکستى بۆ زۆرێک لە گۆرانییەکانى خۆى داناوە ، کە هەرهەموویان هەڵقوڵاوى ناخ و برک و ژانەکانى خۆیی و کۆمەڵگاو نەتەوەکەى بووە ، دەتوانم بڵێم سابیرکوردستانى ( بەستە بێژ ، ئاوازدانەر ، شاعیر و مەقامبێژ و مەقامزان بووە ) لەبەرهەمەکانیدا هۆنراوەى شاعیرانى نەتەوەکەمان ڕەنگى داوەتەوەو ئاوازى لەسەرداناوون و بەدەنگە بەخۆشەکەى چڕیوونى . ئەگەر بە وردى خوێندنەوە بۆ هۆنراوەکانى و گۆرانییەکانى کوردستانى بکرێت ، باس لەئێش و ئازار و ئاواتەکانى خۆی دەکات ، لەچاوى دڵەوە درکى بە نابەرابەریی و چەوساندنەو ئەو زوڵمەى کە کۆمەڵگا لەکچ و ژنانى کردووە ، کوردستانى ئەو نایەکسانییەى لە گۆرانییەکانیدا بەرجەستە کردووە ، ( کچ دەڵێ منیان دابەشوو ،،،،، هەرچەندە بەدڵیشم نەبوو ) یان ئەوەندە بەحسرەتەوە ڕوودەکاتە پەروەردگارى مەزن کە چاوێکى پێ ببەخشیباو جوانى ژیان و مەعشووقەکەى پێ ببینیایە ، هەربەو حەسرەت و ئاواتەوە کوردستانى دەچریکێنێ ... ( خۆزگە لەم دنیایەدا گەرچاوێکم هەبووایە وەسفى جوانى ئەو کچەم بەدڵى خۆم بکردایە ) لەماوەى نیوسەدە بەردەوامى لەچرینى ئاوازو گۆرانى کوردى ، هونەرمەند سابیرکوردستانى بەبێ دەنگى و بەهێمنى کارە هونەرییەکانى ئەنجامداوە و چاوەڕێی پاداشت نەبووە ، دەپرسم کێ هەیە ڕۆژێک لەڕۆژان ئەم هونەرمەندە هێمن و دەنگخۆش و پر بەرهەمە گلەیی و گازاندە و داخوازى زیاتر لەژیانى سادەیی خۆیی ، لەکوردستانى یەوە بیستبێت . سابیر کوردستانى هونەرمەندێکى دڵپاک و سادەو خۆنەویست و نەفس بەرز و زمان شیرین ، هەروەک چۆن بەهێمنى درێژەى بەهونەرە جوان و ڕەسەنکەى خۆی دا ، هەربەوشێوەیەش بەهێمنى و بەبێ دەنگى ژیانئاوایی لەهونەر و هەموان کرد . سابیر کوردستانى هونەرمەند بۆهەمیشە ناو و نازناوى هەربەنەمرى دەمێنێتەوە ، یاد و یادەوەرییە شیرینەکانى هەمووکات بەرزو پڕشکۆ بێت .

جەمالى دەلاک 6/9/2020

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.