بەهۆی تەزویرکردنی مۆری کوشتارگە و فێڵکردن لە هاوڵاتیان، لهلایهن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوكانێكی گۆشتفرۆشتن دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
بێوەی ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی دوی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی ساختەکردنی مۆری کوشتارگەی سلێمانی و بەکارهێنانی بۆ مۆرکردنی گۆشتی ئاژەڵی نەپشکنراو، لیژنەکانی قائیمقامیەت دوکانی گۆشتفرۆشی (محمد حاجی عمر) لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی دادەخات.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی ساختەکردنی مۆری حکومەت تاوانێکی گەورەیە، خاوەنی گۆشتفرۆشی (محمد حاجی عمر) مۆرەکەی بۆ خەڵەتاندنی کڕیارەکان و فێڵی بازرگانی بەکارهێناوە، یاساش رێگری له فێڵی بازرگانی كردوه.
رونیکردەوە: ئهو گۆشتهی دوكانی گۆشتفرۆشهكان بەهاوڵاتیانی دهفرۆشن، پێشتر لەکوشتارگەی سلێمانییەوە پشکنین بۆ ئاژهڵهكه و دواتر بۆ گۆشتهكه ئەنجام دهدرێت و له دوای دڵنیابونهوه نەبونی زیان بۆسەرتەندوستی هاوڵاتیان گۆشتهكه مۆر دهكرێت و دهخرێته بازاڕهوه.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دوکانی گۆشتفرۆشتنی (محمد حاجی عمر) دادەخرێت و گۆشتەکە رەوانەی ڤێتێرنەری دەکرێت بۆلەناوبردن ههروهها خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
دارشتنهوهى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.