پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە باڵیۆزی گشتی وڵاتی ئیسپانیا لەعێراق و شاندێکی یاوەری کرد
راگهیاندنى پارێزگای ههولێر بڵاوی كردهوه كه نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2020.9.20، د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هێمن قادر جیگری پارێزگار، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە(خوان خوسیە ئسکوبار) باڵیۆزی گشتی وڵاتی ئیسپانیا لەعێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
راشیدهگهیهنن كهلەسەرەتای دیدارەکەدا، باڵیۆزی گشتی وڵاتی ئیسپانیا لەعێراق، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم سەردانی فەرمییە بۆ هەولێری پایتەخت ئەنجامی دەدات و هیوای خواست ئەو سەردانەشی ببێتەماییەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەوڵێر و مەدرید، هەروەها ڕایگەیاند: "هەرچەندە هەولێکی زۆرماندا کۆنسڵخانەی سەرەکی وڵاتەکەمان لە هەولێری پایتەخت بکەینەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، ئێستا قونسڵی فەخریمان لەهەولێر هەیە و لەو ریگەیەشەوە لە ڕووی پەیوەندی کەلتوورییهوه تائاستێکی باش پەیوەندییەکانمان پیشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، هیوادارین لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە پەیوەندییەکانمان بەرەو پێش ببەین".
راگهیاندنى پارێزگای ههولێر ئاماژه بهوهش دهكات كه دواتر باڵیۆزی گشتی وڵاتی ئیسپانیا لەعێراق و شاندی یاوەری، پێشنیاری واژووکردنی ڕێککەوتنامەی دەستەخوشکی لە نێوان شاری مەلەگە و هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ههروهها راگهیاندنى پارێزگای ههولێر راشیگهیاندووه كه پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی باڵیۆزی گشتی وڵاتی ئیسپانیا لەعێراق و شاندی یاوەری نیشاندا و ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین و پێشوازی لە پێشنیارەکەتان دەکەین بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنامەی دەستەخوشکی شاری مەلەگەی ئیسپانی و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەک ئیدارەی پارێزگای هەولێریش کە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و سیاسی لە عێراقە، ئامادەین بۆ هەموو ئاسانکارییەک لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان و دەرگامان کرایەوە و لەهەموو بوارەکاندا ئامادەین بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەتان و ڕەخساندنی درەفەت بۆیان.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.