وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەکانی سنوری قەزای پێنجوین بەسەردەکاتەوەو پڕۆژەی رێگای باشماخ پێنجوین بەگەڕدەخاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20/9/2020 دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە یاوەری قائیمقامی قەزای پێنجوین و بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەو رێگاوبانی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرو بەرپرسانی ئیداری سنورەکە پرۆژەی رێگای باشماخ پێنجوینیان بەسەرکردەوە.
لەسەرەتای سەردانەکە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێنی بەسەرکردەوە، لە کۆبونەوەیەکیشدا قائیمقامی پێنجوین ستایشی خەمخۆری و ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی کرد بۆ پڕۆژەکانی وەزارەتەکەیان لە سنورەکە، ھاوکات ژمارەیەک داواکاریشیان سەبارەت بە ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان و یەکەی نیشتەجێبون ئاراستەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە کرد.
لای خۆشیەوە دانا عەبدولکەریم بەڵێنیدا بەپێی توانا بۆیان جێبەجێ بکات و جەختی کردەوە؛ ئەوەی لە توانایاندا بێت بەپێی توانا درێغی ناکەن لە خزمەتکردنی سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و سنوری قەزای پێنجوین. ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەو رێگاوبانی سلێمانی راسپارد تیمێک رەوانەی قەزاکە بکەن بۆ بەدواداچونی پڕۆژەکانی وەزارەت و چارەسەرکردنیان.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەمان بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکەیە کە یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەتمان و بەڵێندەرمان راسپارد بەشێوەیەکی خێرا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی وەرزی سەختی زستان تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەزارەت و حکومەت ھەوڵدەدەین شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیا دابین بکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەباشی و بێ کەموکورتی و بەشێوەیەکی خێرا تەواو بکەن.
سەبارەت بە دواکەوتنی پرۆژەکەش لە رابردودا، وتی: ھۆکارەکەی بەشێکی پەیوەندی بە کابینەکانی پێشوی حکومەتەوە ھەیە، ئێستاش ھەمو ھەوڵێکمان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.