Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 02:52

مەکتەبی سیاسی پارتی په‌یامێکی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد

کوردستان TV
#7
100%

مەكتەبی سیاسی پارتی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كرد، ده‌ڵێت: یەكێتی زانایانی ئایینی، بەردەوام سەنگەرێكی پتەوی رووبەڕووبوونەوەی مەیل و رەوتی دووبەرەكی و توندڕۆیی بووە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی په‌نجاهه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، بەڕێزان، سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان  بە بۆنەی یۆبێلی زێڕین و په‌نجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەند و لق و ناوچەکانی یەكێتیەكەتان و سەرجەم زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەین.

ئاواتەخوازین وەك هەمیشە بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسانە رۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆتان ببینن لە پارێزكاریكردن لە رەوشتبەرزی و گیانی نیشتیمانپەروەری و قووڵكردنەوە و پتەوتركردنی رۆحی تەبایی و پێكەوەژیان لەهەرێمی كوردستاندا.  

دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی بە بڕیاری رێبەری نەمر (مستەفا بارزانی) دەستكەوتێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو، بۆیەش رۆڵی كاریگەری مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا هەمیشە بەرهەمدار بووە لەپێناو ھاوبەندی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، لەو رووەوەش جێدەستیان دیارەو مایەی رێز و ستایشن.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بەردەوام سەنگەرێكی پتەوی رووبەڕووبوونەوەی مەیل و رەوتی دووبەرەكی و توندڕۆیی بووە، ئەمڕۆش واپێویستە دەكات زیاتر  پەرە بەو پەیامەی بدات و  جەخت بكاتەوە سەر بنەما رەسەنەكانی كوولتوری دێرین و رەگداكوتاوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا.

دووبارە پیرۆزبایی یۆبێلی زێڕین و په‌نجا ساڵەی تەمەنی پڕ بەخششی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، هیواخوازین هەر سەركەتووبن.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.