Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 05:41

جیفرى به‌رده‌وامیى پشتگیری ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌رێمى کوردستان دووپات ده‌کاته‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

 ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هاوكارییه‌كى پێویست پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات.

سه‌ربه‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22/9/2020  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پیشوازى له‌  باڵیۆز جه‌میس جیفرى، نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا و نێرده‌ى تایبه‌تى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

444

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا که‌  وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌، سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سووریا، ئه‌رکی هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چالاكى و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر له‌ سووریا و عێراق، دۆخى كورد و گفتوگۆى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ سووریا بۆ چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌كانیان و یه‌كڕیزیى نێوانیان تاوتوێ كرا.

جیفرى به‌رده‌وامی پشتگیریی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ كورد و هاوبه‌شانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و نه‌هێشتنى یه‌كجاره‌كیى داعش له‌ سووریا، هه‌رێمى كوردستان و عێراق دووپات كرده‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو هاوكارییه‌كى پێویست پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات.

هه‌روه‌ها پشتگیرى و خۆشحاڵیى ئه‌مه‌ریكاى بۆ گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ سووریا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان نیشان دا و ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵى ئه‌رێنیی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمی کوردستان له‌پێناو لێكنزیككردنه‌وه‌یان و هاندانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان كرد.

لاى خۆیه‌وه‌  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش سوپاسى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشى كرد بۆ هاوكارى و پشتگیریى به‌رده‌ومیان و جه‌ختى له‌‌ گرنگى و پێویستیى به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و هاوبه‌شانیان له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ تا دڵنیابوون له‌ له‌ناوچوونى یه‌كجاره‌كیى داعش.

په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى له‌ سووریا، هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا، پرسی کورد له سووریا، هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ سووریا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌وه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.