پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 22/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارتن هووس باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرى یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەنگاوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، مەترسییەکانى تیرۆر و جموجووڵەکانى داعش، پرۆسەى سیاسى و ئەرکى حکوومەتى تازەى عێراق و هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتووى وڵات، تاوتوێ کران.
دواین پێشهاتەکانى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا بە تەنیا بابەتى مووچە و بودجە نییە و سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکێتیى ئەورووپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاریى عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى عێراق دەربڕى و دەربارەى چەند تەوەرێکى دیکەى وەک پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، ڕۆڵى یەکێتیى ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ئەورووپى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.