Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 04:25

بەریتانیا ئەو پەناخوازانە بە زۆر دەنێرێتەوە کە مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە

کوردستان TV
100%

بەپێى بڕیارێکى وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا، هەزاران پەناخوازانەى ئەو وڵاتە کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە دەبێت لە ماوەى 21 ڕۆژدا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، ئەوەش نیگەرانی ڕێکخراوە مرۆییەکانی بەدوای خۆی هێنا.

بەپێی ڕۆژنامەی زە گاردیان، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا ڕایگەیاندووە، دەستدەکەن بە ناردنەوەى ئەوانەى کە داواى مافى پەنابەرێتیان کردووە و داواکەیان ڕەتکراوەتەوە.

لە دوو مانگی ڕابردوودا، شەپۆڵێکی گەورەى کۆچبەران لە فەڕەنساوە و بە ڕێگەی ئاوی نۆکەندی ئینگلیزی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، بە شێوەیەک تەنها لە مانگی ئابدا، زیاتر لە هەزار و 500 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

هاوکات ڕێکخراوە خێرخوازییە مرۆییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەى ئەو پەنابەرانەى کە لە ناوەندى گلدانەوەى پەنابەران هێڵراونەتەوە ڕووى لە زیادبوون کردووە.

ئەو پەناخوازانە کە داواکاری پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە مافى تانەدانییان نییە و دەبێت لەماوەى 21 ڕۆژدا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، وادەکەش لەم هەفتەیەوە دیاری کراوە.

ڕۆژنامەى زە گاردیانیش ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، نازانرێت بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆ ئەو پەناخوازانەش دەگرێتەوە کە لە هوتێلەکاندا و لەسەر خەرجى خۆیان ماونەتەوە یاخود تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە لەو هۆتێلانە ماونەتەوە کە وەزارەتى ناوخۆى خەرجیەکانیانى گرتووەتە ئەستۆ.

ڕۆژنامەکە باسى لەوەش کردووە، نیوە زیاترى ئەو کەسانەى کە حکومەت مافى مانەوەى کاتى پێبەخشیوون لەگەڵ داخستنى سنورەکانى وڵات بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاکەوە لە پەناخوازان بوون.

وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆش دەڵێت، دەستیانکردووە بەڕاگرتنى پاڵپشتى ئەوانەى داواى مافى پەنابەرێتى دەکەن، ئەوەش بەئامانجى کەمکردنەوەى خواست لەسەر مافى پەنابەرێتى، لە سەرەتاشەوە ئەوان وتوویانە ئەو ڕێوشوێنانە کاتین و لەگەڵ چارەسەربوونى دۆخى پەتاکەدا کۆتایى پێدەهێنن.

 

كوردستان TV

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.