Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 06:31

ئه‌مشه‌و له‌جامی سوپه‌ری ئه‌وروپا سیڤیلیه‌ و بایرن میونشن رووبه‌رووی یه‌ک ده‌بنه‌وه‌

کوردستان TV
100%


كاتژمێر 10ی ئەمشەو بەكاتی هەولێر، یاری جامی سوپەری ئەوروپا بۆ تۆپی پێ‌ لە نێوان هەردوو یانەی بایرن میونشنی پاڵەوانی چامپیۆنس لیگ و سیڤیلیەی پاڵەوانی یۆرۆپالیگ لە یاریگای پۆشكاش ئارینا لە بۆداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەدەچێت

 سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە، كەچی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپاو حكومەتی هەنگاریا بڕیاریانداوە ژمارەیەكی دیاریكراوی هاندەران بە ڕێژەی سیی لە سەدای پەیژەكانی یاریگای پۆشكاش ئارینا ئامادەی بینینی یاریەكە بن، تێكڕای پەیژەكانی یاریگاكە شوێنی شەستوحەوت هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە

 هاوكات ڕێگە بە هەردوو یانە دراوە هەریەكەیان سێ‌ هەزار بلیت فرۆشنە هاندەرانیان، بایرن میونشن و سیڤیلیە هەریەكەو جارێك بە نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا شاد بوونە، لە مێژووی بەیەك گەیشتنەكانی نێوانیشیان، تەنها دوو جار یاریان لەبەرامبەر یەكتر كردووە، ئەویش لە قۆناغی چارەگی كۆتایی چامپیۆنس لیگ لە وەرزی دووهەزاروحەڤدە دووهەزاروهەژدە، لە یاری گەڕی چووندا، بایرن لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی تۆماركردو لە یاری گەڕی هاتنیش هەردوو تیپ بێ‌ گۆڵ یەكسان بوون

 یانە باڤاریەكە بەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی ڕابردوو پێشكەشی كرد، توانی هەرسێ‌ نازناوی بۆندسلیگ و جامی ئەڵمانیاو چامپیۆنس لیگ بەدەست بێنێت، ئێستاش تیپەكە چاوی لە دووەم نازناوی جامی سوپەری ئەوروپایە لە مێژووی خۆی و هەوڵیش دەدات چوارەم نازناوی ئەمساڵ مسۆگەربكات

 لەو لاشەوە سیڤیلیە نایەوێت بۆ پێنجەم جار دەرفەتی بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا لەدەست بدات و جۆلین لۆپێتیگی ڕاهێنەرەكەی پلانێكی تۆكمەو پێكهاتەیەكی گونجاوی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بایرن ئامادەكردووە، بە بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا، ناوبژیوانی بریتانی ئەنتۆنی تایلۆر یاری جامی سوپەری ئەوروپا بەڕێوەدەبات 

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.