بڕیارە سبەی، شاندێکی بازرگانیی تورکیا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و زنجیرەیەک دیداری بازرگانی ئەنجام بدات.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندن لە لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، ھێرش سادق راگەیاندووه سبەی شاندێکی بازرگانی کە پێکھاتوون لە کۆنسولخانەی تورکیا لە ھەولێر، دەستەی گومرکی تورکیا و نوێنەری وەزارەتی بازرگانیی تورکیا سەردانی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ناوبراو ئاماژهی بهوهشكردووه، ئامانجی سەردانەکە توندو تۆڵکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا، بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێوشوێنە تەندروستییەکان، كهمێك سستی کەوتبووە کەرتی بازرگانی و زۆرترین بازرگانیمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ھەیە، بۆیە سبەی شاندەکە دوایین پێشھاتە بازرگانییەکان تاوتوێ دەکات.
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان دهشڵێت تورکیا ھەندێک ئاسانکاری بۆ بازرگانانی ھەرێمی کوردستان کردووە کە ئێستا بازرگانان دەتوانن بە ناسنامەی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی تورکیا بکەن، لەم سەردانەشدا کۆمەڵێک ئاسانکاری دیکەی ھاوشێوە دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.