پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 29/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى بە سەرۆکایەتیى شێخ حەمید معەلە ئەلساعدى، سەرۆکى کۆنگرەى گشتیى ڕەوتەکە کرد.
لە دیدارێکدا دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکان و هەڵبژادنە پێشوەختەکانى داهاتووى عێراق و بابەتى دادگاى فیدراڵى و میکانیزمى دەستنیشانکردنى ئەندامانى تازەى دادگاکە، پەیوەندى و کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا هاوڕابوون کە پێشهاتە ئەمنییەکانى عێراق و هەڕەشەکردن لە نێردە دیپلۆماسییەکان، بەرژوەندیى وڵات دەخەنە مەترسیى جددییەوە و تێپەڕاندنى کێشە و قەیرانەکان پێویستى بە کارى هاوبەش و هەماهەنگیى نێوان لایەنە عێراقییەکان و ڕەچاوکردنى بەرژوەندییەکانى وڵات هەیە.
نێچیرڤان بارزانى جەختى لە ئامادەیى و خواستى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى تەواوى کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ لەسەر بنەماى دەستوور کردەوە و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەردوولا و تەواوى کێشە ناوخۆییەکانى عێراقى بە کلیلى سەقامگیریى وڵات لە قەڵەم دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.