دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەناونیشانی کارو چالاکیەکانی (ماڵی رۆشناو ئاشنا) لە کوردستان، کە شتگەلێک لەخۆ دەگرێت و پەردەش لەسەر زۆر شت لادەباو، مەترسی بۆ سەر نەریتی کۆمەڵگەی کوردی و هەستی دینداری و بەهای بەرزی کوردەواری لێ بەدی دەکرێت.
یەکێتی زانایان ماوەیەکە بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیە دەکات و کاری پێویستی لەو بارەوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵاو رێکاری پێویستی گرتۆتە بەرو لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادار کردۆتەوە.
لە نوسراوی یەکێتی زانایان کە ئەمرۆ 30ی9ی2020 ئاراستەی داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەندار کراوە هاتووە: بەداخەوە لەبەشێکی ئەو سەنتەرو شوێنانەی بەناوی هۆشیاری و وەرزشی جەستەو لەشجوانی و رەشاقەو چالاکی دیکە، ئەجێندای ترو بەرنامەی بەلارێدا بردن و دروستکردنی گومان و کەمکردنەوەی بەهای ئەخلاقی و بێشەرمکردنی بەشداربووان جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها هاتووە: لەراستیدا ئەو جۆرە هەوڵانە دەبنە مایەی ترازانی کۆمەڵایەتی و شڵەژانی ئاشتەوایی و سەقامگیری کۆمەڵگەو هەڕەشەن بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی و خێزانی، لەهەمان کات پێچەوانەی نەریتی کوردەواری و بنەماکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامەو لەگەڵ دەستوری عیراق و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیش یەک ناگرێتەوە.
بۆ دڵنیایی و وەک ئەرکێکی ئایینی و پیشەیی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کیان و کۆمەڵگە، یەکێتی زانایان بە وردی کار لەسەر ئەم دۆسیە دەکات، تا دەرەنجامی پێویست لەپێناو نەهێشتنی ئەو جۆرە کارو هەوڵە نەشیاو هەنگاوە تاریکانەو، پاراستنی بەهاو رەوشتی کۆمەڵگەی کوردی بەدەست دێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.