ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق فەرمانێكی تایبەتی بۆ حەشدی شەعبی دەركرد
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق فەرمانی بە هێزەكانی حەشدی شەعبی کرد كە بە پێنج كیلۆمەتر لە خاڵی تەماس لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە بكشێتەوە.
دوای ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ناوچەیەكی سنووری کارگێڕی پارێزگای نەینەوا كە لەژێر كۆنترۆڵی لیوای 30ی حەشدی شەعبی دایە، شەش مووشەك ئاراستەی دەورووبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كرابوون، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق فەرمانی بە هێزەكانی حەشدی شەعبی کرد كە بە پێنج كیلۆمەتر لە خاڵی تەماس لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە بكشێتەوە.
لەمبارەوەیە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە نەینەوا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاندووە كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان فەرمانی بە حەشدی شەعبی كردووە كە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بە پێنج كیلۆمەتر لە پێشمەرگە بكشێتەوە و بۆشایی ئەو رووبەرە پێنج كیلۆمەتریەش لەلایەن سوپای عێراقەوە پڕ دەكرێتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەكە ژمارەیەك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی ئەو بڕیارەیان رەتكردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2020، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، شەش مووشەك لە سنووری ناحیەی بەرتلە سەربە پارێزگای نەینەوا كە دەكەوێتە سنووری لیوای 30ی حەشدی شەعبی ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كراون و هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوە، هەروەها هیچ زیانێكی لێ نەكەوتووەتەوە.
دوای ئەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان فەرمانی کرد کە فەرماندەی ئەو هێزەی كە بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیەی كە مووشەكەكانی لێوە ئاراستەكرابوون، دەستبەسەر بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.