Erbil 38°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 15:28

روونکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌

کوردستان TV
100%


مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا رایگه‌یاند چاكسازییان له‌ له‌ هه‌ردوو ئاستی دارایی و كارگێڕی ده‌ستپێكردووه‌  


مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند كه‌ چاكسازی به‌شێكی سه‌ره‌كی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌، پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و  هه‌موو سێكته‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه‌، له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاوازیش ده‌ستمان پێكردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد تا ئێستا 49 كۆمپانیای بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن و ئینته‌رنێت ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باجه‌كانیان بده‌ن و 7 كۆمپانیاش دراونه‌ته‌ دادگا

وتیشی لیژنه‌یه‌كیان بۆ رێگری كردن له‌ قاچاخچێتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان پێكهێناوه‌.


مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگه‌یاند كه‌  لە دۆخێکی سەختی ئابووریدان و جگە لە داهاتی مانگانە، هیچ یەدەگێکی داراییان نییە، هەوڵدەدەن بەپێی توانای بەردەست مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن.
 
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند كه‌ هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لە ماوەی كاركردنماندا توانیومانە 12 مووچە دابین بكەین. لەم ماوەیەدا دوو مووچە دواكەوتووە بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت لە لایەن حكوومەتی فیدرالییەوە.


مه‌سرور بارزانی وتیشی  پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دۆخێکی سەختی ئابووری لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش دروستکردووە و ده‌شڵێت نەناردنی بودجەی بەغدا دۆخەکەی سەختتر کرد.
 
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی ئەو دۆخە داراییە پلانیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات داناوە لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای چاکسازیدا کە بەمزووانە رەوانەی پەرلەمانی دەکەن. بەپێی پلانەکە، ئامانجی حکومەت هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە.
 
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش رایگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە هەوڵی حکومەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بووە لە دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا 12 مووچەمان داوە، تەنیا دوو مووچە دواکەوتووە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم بۆ مانگەکانی پێنج، شەش و حەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
 
هه‌روه‌ها وتیشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین دوو مووچەی بە لێبڕینی %21 دابەشکردووە، لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی گوتی بەهۆی کەمکردنەوەی تەمویلی مووچە لەلایەن بەغداوە بڕیارماندا مووچە بەپێی توانای بەردەست دابەشبکەین و دوو مووچە بە رێژەی 79% دابەشبکەین. 

دەشڵێت ئەم دۆخە سەختە نەخوازراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستی نەکردووە و تەنیا لە کوردستان نییە، دەبێ بەناچاری خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنین

ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵدەدەن بە پلانەکانی چاکسازی و رێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران ئەو دۆخە ئابوورییە سووکتر بکەن.

مەسرور بارزانی راشیگه‌یاند بەداخەوە هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ یەدەگێکی دارایی نییە و تەنیا پشت بە داهاتی مانگانە دەبەستین، ئەمەش وادەکات رووبەڕووی کێشە ببینەوە لە هەر قەیرانێکی داراییدا.

مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند کۆی گشتی قەرزەکان و پابەندە داراییەکانی حکومەت، بریتیە لە28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار و39 دینار، کە دەکاتە 33 ترلیۆن و 660 ملیار دینار.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كورددستان  ئاشكراشیكرد ژمێرەی یەكەكانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ رێكخراون و لەمەودواش مووچە بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دەبێت و دوو مووچەیی نامێنێت.

هه‌روه‌ها وتیشی دۆسیەی ئەلكترۆنی بۆ سەرجەم خانەنشینان دروست دەكرێت.

 باسی له‌وه‌ش كرد، لێخۆشبوونی نایاسایی باج رێگه‌ پێناده‌ن و كۆمپانیا گه‌وره‌كان ناچار كراون باج بده‌ن. 

هه‌روه‌ها وتیشی  له‌ هه‌ردوو ئاستی دارایی و كارگێڕی چاكسازییان ده‌ستپێكردووه‌، ده‌شڵێت له‌م كابینه‌یه‌دا زۆرترین وه‌زیر هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.