Erbil 38°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 20:45

په‌رله‌مان و حکومه‌ت دۆخی دارایی و پرسی چاکسازی و لێکه‌وته‌کانی کۆرۆنایان تاوتوێکرد

کوردستان TV
#7
100%

په‌رله‌مان و حكومه‌ت پرسی چاكسازی و دۆخی دارایی و مووچه‌و دانوستانه‌كان و دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و لێكه‌وته‌كانى كۆڕۆنایان تاووتوێ كرد.

سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه 2020/10/5، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێم و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، دانیشتنی ژماره‌ (8)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ بۆ خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نیشنی له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (2)ی ساڵی 2020 و بارودۆخی داراییی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شكردنی مووچه‌و دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و بارودۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و لێكه‌وته‌كان و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا، كه‌ له‌سه‌ر داوای به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان (سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری دارایی و ئابووری)ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان –عێراق بوو به‌پێى حوكمی بڕگه‌ی (دووه‌م)ی‌ مادده‌ی (66) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌هه‌ریه‌ك له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایی و كاروبارى ئابوورى و د.ڤالا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و ئامانج رەحیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌یبوون، د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌و به‌خێرهاتنى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیرى دارایی و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و شاندی یاوه‌ریانى كرد، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه.

پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌مه‌سرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كرد بفه‌رمووێت بۆ پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كه‌ى و به‌ڕێزیشیان راپۆرتێكی دوورودرێژی لەبارەی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی و پڕۆژەكانی حكومەت پێشكەش كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامەو ھەموو كەرتەكانیش دەگرێتەوە.

راشیگەیاند: "خۆم بەبەختەوەر دەزانم كەئەمڕۆ ھاتوومە پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی چەند بابەتێكی گرنگ كەجێی بایەخی پەرلەمان و رای گشتییە بخەمەڕوو، بێگومان پەرلەمانی كوردستان وەك دەزگایەكی شەرعی و گرنگ و باڵای دەستووری ھەمیشە جێگەی بایەخ و رێزی ئێمە بووە، لەدوای سوێندخواردنمان و دەستبەكاربوونمان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پەیوەندیی بەھێزو پتەومان لەگەڵ پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ھەبووە، كەكاریگەریی ئەرێنیی ھەبووە لەسەر باشتر جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەراورد لەگەڵ خولەكانی دیكەی پێشووی پەرلەمان، ئێمە لەكابینەی نۆیەمی حكومەت زۆرترین وەزیرو بەرپرسانی حكومەتمان ناردۆته‌ پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، لەسەر بنەمای شەفافیەت بەئەركی خۆمان زانیوە راستییەكان بەخەڵكی خۆمان بڵێین دوور لەھەموو موزایەدەكردنێك بەردەوام دەبین لەچاكسازی".
سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "بەم نزیكانە ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێكی تایبەت و پڕ وردەكاری لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی ساڵێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم ھەرێمی كوردستان و عێراق و جیھان تووشی چەند قەیرانێكی تەندروستی و ئابووری بوونەتەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان، كاریگەریی لەسەر ھەموو بەشەكانی ژیان دروستكردووە، ئەم قەیرانانە كێشەی نەك ھەر بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ وڵاتە زلێھزەكانی ئابووری و پیشەسازیی جیھان دروستكردووە، ئابووریی ئەو وڵاتانەی تووشی داڕمان كردووە، سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانانە، بەڵام ئێمە لەكاركردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكان نەوەستاوین، بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوامین".

راشیگەیاند: "دەبێ بەلەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و داراییەی ھاتووەتە پێش ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت".

مەسرور بارزانی، لەبارەی پرۆسەی چاكسازی گوتی: "ھەر لەسەرەتاوە بەگرنگییەوە كارمان لەسەر چاكسازی كردووە، بەڵام چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامەو بەشەو و رۆژێك تەواو نابێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت و ھەموو كەرتەكان دەگرێتەوە، ئێمە لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز دەستمان بەچاكسازی كردووە، كە بەسەر دوو بەشی سەرەكی دابەش دەكرێت چاكسازی دارایی و چاكسازیی كارگێڕی.

سەرۆكی حكومەت روونیكردەوە كه‌ بۆ پێداچوونەوە بەبواری باج لەھەرێمی كوردستان ھەر لەسەرەتاوە حكومەتی ھەرێم لیژنەیەكی باڵاى پێكھێناو ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم راسپاردەكانی لیژنەكەی پەسندكردو كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەتی دانانی باج لەسەر پەیوەندی و گەیاندن و پڕۆژەكانی وەبەرھێنان، لەچوارچێوەی دانانی باج لەسەر پەیوەندی و گەیاندن، وەك مۆبایل و ئینتەرنێت، تائێستا 49 كۆمپانیای گەیاندن، لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ئاگادار كراونەتەوە بۆئەوەی پابەندبن بەشایستە داراییەكان لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانی و گەیاندنی عێراق، ھەروەھا 7 كۆمپانیا دراونەتە دادگا بۆ پابەندبوون بەشایستە داراییەكان.

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، كارمان كردووە بۆ نەھێشتنی رۆتین، لەپێناو باشتركردنی راییكردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان لەفەرمانگەكانی حكومەت بەرێگەیەكی ئاسان و خێرا، ئەمە جیا لەبەستنەوەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بەسیستمی ئەلیكترۆنی كەئاسانكاریی باشی كردووە لەبواری كۆكردنەوەی داھات و باشتركردنی كوالیتی كۆنتڕۆڵ.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌سیستمی مووچه‌ ده‌كرێته‌ بایۆمه‌تری و دوو مووچه‌ی نایاسایی نامێنێت، گووتیشی سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كانی هه‌رێم گه‌یشتۆته‌ 28 ملیارو 476 ملیۆن و 650 هه‌زار دۆلارو داهاتی حكومه‌ت زیاتر له‌ 4 ملیار دۆلار بووه‌و تائێستا توانیویانه‌ 12 مووچه‌ دابه‌ش بكه‌ن و ته‌نها مووچه‌ی دوو مانگ دواكه‌وتووه‌و ڕاشیگه‌یاند: "تائێستا هه‌رێم بڕی 28 ملیارو 476 ملیۆن و 650 هه‌زار دۆلار قه‌رزداره‌".

گووتیشى: "به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا تووشی قه‌یرانی دارایی بووین و ناچاربووین ڕێژه‌یه‌ك له‌مووچه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌".

دواتر سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێدان سه‌رنج و تێبنیی خۆیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكى حكومه‌ت كرد.

له‌وەڵامی پرسیاری سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌ماندا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "هاتنی ئێمه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌یه‌كتر تێبگه‌ین، ئه‌و پرسیارانه‌ی ئێوه‌ هه‌تانه‌ به‌ڕوونی وه‌ڵامتان بده‌ینه‌وه‌و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ پێویسته‌ی دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكردن و یاسا هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و شارستانی و دیموكراسییانه‌ پیاده‌ی بكه‌ین، حه‌قی خۆشتانه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بزانن".

گووتیشی: "ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌مووتان زیاتر په‌رۆشی ئه‌وه‌ین بارودۆخی كوردستان به‌ره‌و باشتر بێت و بژێویی خه‌ڵك باشتر بكه‌ین، حه‌ز ده‌كه‌ین پێش ئه‌وه‌ی ئێوه‌ لێمان رازی بن خه‌ڵك لێمان رازی بن، ئه‌وه‌ی نه‌كراوه‌ دڵنیابن پێمان نه‌كراوه‌، به‌ڵام دڵنیا بن له‌باشتركردنی بارودۆخی كوردستان له‌ئێوه‌ زیاتر په‌رۆشین".

لەبارەی مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان. مەسرور بارزانی گوتی: "گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ خۆمان له‌ناو خۆمان ته‌با نه‌بین، قه‌واره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستووری دانی پێدانراوه‌، ئه‌ركی هه‌موومانه‌ داكۆكی له‌وه‌ بكه‌ین، خیلافی سیاسی چه‌ند هه‌بێت نابێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بكات، كه‌ پێشتر خەڵكێك داوای كردووه‌ به‌شێك یان ناوچه‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر عێراق، ئێمه‌ ده‌بێت چاو له‌ئه‌زموونێكی باشتر بكه‌ین نه‌ك خراپتر، ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو رووێك له‌هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی عیراق باشترو سه‌ركه‌وتووتره‌".

سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا سەرۆكی حكومەتی ھەرێم رایگەیاند: "مه‌سه‌له‌ی كۆڕۆنا ته‌نیا له‌هه‌رێمی كوردستان نییه‌و هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌، ھەروەھا قه‌یرانی دارایی هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌و له‌ده‌ست كه‌سدا نییه‌، به‌ڵام گرنگه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ پێویستیی به‌یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی هه‌یه‌، به‌لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌".

دەربارەی بابەتی لامه‌ركه‌زی سەرۆكی حكومەتی جەختی كردەوە پێشتریش باسمان كردووه‌ لامه‌رگه‌زیی ئیداری بۆ شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م هاتووه‌و له‌م كابینه‌یه‌ له‌هه‌موو كابینه‌كانی پێش خۆی ده‌سه‌لاتی زیاتر به‌پارێزگاره‌كان دراوه‌.

مەسرور بارزانی لەبارەی خاڵه‌ سنوورییەكان گوتی: "به‌داخه‌وه‌ تائێستا ئاسه‌واری دوو ئیداره‌ی به‌ته‌واوه‌تی نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ كاك قوبادو ئه‌وانه‌ی له‌كابینه‌ له‌گه‌ڵمانن هه‌وڵمانداوه‌ كاڵتری بكه‌ینه‌وه‌و هه‌ر نه‌یهڵێین، خۆشم له‌راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌م به‌وه‌ كرد پێشێلی هه‌ندێك شت ده‌كرێت و قاچاخچێتی هه‌یه‌، به‌ڵام لیژنه‌ی پێویست پێكهێنراوه‌و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی به‌رده‌وامین و هه‌رگیز رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین به‌رده‌وام بێت و قبووڵی ناكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌ئه‌نجامی ئه‌و رێكارانه‌ی دهی‌گرینه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌، كێشه‌ی دیكه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ئاسایشی دروست بێت، ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاوبگرین".
سەبارەت بەمووچەی فەرمانبەران سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای داهات ئاماده‌ ده‌كرێت، داهاتی ئێمه‌ یه‌كێكیان نه‌وته‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ داھاتی ناوخۆییه‌و ئه‌وه‌ی دیكه‌ حكومه‌تی عێراق، به‌داخه‌وه‌ له‌زۆر قۆناغ حكومه‌تی به‌غدا شایسته‌ی نه‌ناردووه‌، له‌دوو قۆناغیشدا نرخی نه‌وت زۆر دابه‌زی، له‌كابینه‌ی پێشووش تووشی سێ قه‌یران بووین، ئێستاش سێ قه‌یران، پێشتر دابه‌زینی نرخی نه‌وت، داعش، نه‌ناردنی بودجه‌، ئێستاش په‌تای كۆڕۆنا، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و نه‌ناردنی بودجه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت.

سه‌باره‌ت به‌نه‌ناردنی یاسای بودجه‌ش بۆ په‌رله‌مان سه‌رۆكی حكومه‌ت گووتى: "ئه‌گه‌ر داهاتێكی چه‌سپاو نه‌بێت، ناتوانرێت بودجه‌ ئاماده‌ بكرێت، هه‌ر كاتێكیش دڵنیا بین كه‌ده‌توانین بودجه‌ ئاماده‌ بكه‌ین و پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین، بێگومان ئاماده‌ی ده‌كه‌ین و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین".

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەربارەی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و نه‌هێشتنی ته‌عریب رایگەیاند: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان قبووڵ نه‌بووه‌و داواكارییه‌كیشم له‌په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز هه‌یه‌، زۆرجار حكومه‌تی فیدرالی و هه‌ندێك لایه‌نیش ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ به‌لاڕێدا به‌رن، كه‌پێیانوایه‌ كێشه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا بودجه‌و مووچه‌یه‌، كێشه‌ی ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، یه‌كێك له‌وانه‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، ناسنامه‌ی نەته‌وه‌یی، خاك و شتی زۆر گرنگتره‌، بودجه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌، ده‌یانه‌وێ به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌وانه‌ی دیكه‌مان له‌بیر ببه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌درێژایی مێژوو و چه‌ند ساڵی رابردووش كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌، تاكو ئێستا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر خه‌ت بووین و بابه‌تی گۆڕینی دیموگرافیا و ته‌عریبی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان رابیگرێت و شه‌وی رابڕدووش قسه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه‌و كاك قوبادیش كه‌سه‌رۆكایه‌تیی شاندی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ به‌غداو براده‌رانی دیكه‌ی ئێمه‌و وه‌زیری تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆ به‌غدا قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ كراوه‌، دوو هه‌نگاومان پێشبینی كردووه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، یه‌كێكیان دابینكردنی ئه‌منیه‌ته‌ له‌و شوێنانه‌ كه‌دابڕێنراون، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ كه‌هه‌م هێزه‌ عێراقییه‌كان وه‌كو پێویست بوونیان نییه‌و پێشمه‌رگه‌ش له‌وێ نین بوونه‌ته‌ مۆڵگه‌یه‌ك بۆ ترساندن و تۆقاندنی كوردو غه‌یره‌ كوردیش له‌و ناوچانه‌، دوێنێش كۆبوونه‌وه‌یەكی ترمان هه‌بووه‌، داوامان كردووه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق بكرێت بۆ دابینكردنی ئاسایش و ئه‌منیه‌ت له‌و ناوچانه‌، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ ته‌نیاو ته‌نیا جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، كه‌پێشنیاز كراوه‌و داكۆكی له‌جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سەر‌ خه‌تین و ئه‌وانه‌ نه‌یانگوتووه‌ نایكه‌ین، هه‌ست ده‌كه‌ین له‌و حكومه‌ته‌ نیه‌تی باشتر هه‌بێت".

لەوەڵامی پرسیارێكی دیكە لەبارەی هه‌لی كار بۆ یه‌كه‌مه‌كان مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمه‌ ئه‌گه‌ر واز له‌موزایه‌دات بێنین و هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، ئایا حكومه‌ت به‌دامه‌زراندن، هه‌ر كه‌سێك داوای ئیش و كار بكات داوای دامه‌زراندن بكات سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ ئه‌مه‌ له‌هیچ سیستمێكی پێشكه‌وتووی ئابووریی دونیادا نییه‌ ئه‌وه‌ى ده‌رچێت چاوی له‌وه‌ بێت حكومه‌ت دایبمه‌زرێنێت"، سەرۆكی حكومەتی راشیگەیاند، تكاتان لێده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ پشتیوانیی خه‌ڵك بكه‌ن، یارمه‌تیی حكومه‌ت بده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ده‌ستیپێكردووه‌، بۆ زیادكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و سیاسه‌تی تێكه‌ڵكردنی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت به‌سه‌رپه‌رشتیی حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین بێگومان پێویستی به‌دامه‌زراندن له‌لایه‌ن حكومه‌ت یه‌كجار كه‌مده‌بێته‌وه‌، هه‌ر كاتێكیش حكومه‌ت بتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری زیاتر دابین بكات، ده‌رگای دامه‌زراندن ده‌كاته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ده‌ستبردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "حكومه‌ت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێی خۆش نییه‌ ده‌ست بۆ مووچه‌ی هیچ فه‌رمانبه‌رێك ببات و كه‌می بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خۆگونجاندنه‌ له‌گه‌ڵ بودجه‌ی به‌رده‌ست، حكومه‌ت ئه‌و بودجه‌یه‌ی پێویستی بووه‌، له‌به‌ر ده‌ستی بووه‌، خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت بۆ نزمترین ئاست كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا شته‌ پێویسته‌كان خه‌رجی بۆ دابین كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانین زۆرترین بودجه‌ی و میزانیه‌ی به‌رده‌ست بۆ مووچه‌ به‌كاربهێنین".

سەبارەت بەگه‌شبینی به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "به‌ڵێ ئێمه‌ گه‌شبینین و هه‌مووجاریش هه‌وڵمانداوه‌ رێكبكه‌وین و گه‌یشتووینه‌ته‌ قۆناغی پێشكه‌وتوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ نه‌بووه‌ ئه‌نجامی گفتوگۆكان جێبەجێ نه‌كراون، حكومه‌تی عێراق سه‌قامگیریی تێدا نه‌بووه‌و گۆڕاوه‌و كێشه‌ی سیاسی و ئابووریی هه‌بوو، حكومه‌تی عێراق بووه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ پێش، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم به‌زیاده‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانی بووه‌ كردوومانە، بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێكی دروست له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، ئاماده‌ش نین ته‌نازول له‌هیچ مافێكی ده‌ستووریی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین".

دەربارەی چاكسازی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "من له‌ڕاپۆرته‌كه‌م باسی به‌شێكم كرد، له‌وێدا ئاماژه‌م به‌وه‌كرد، راپۆرتێك به‌داتاو زانیاری ده‌ده‌ینه‌ په‌رله‌مان و به‌رده‌ستی ئێوه‌، ئێستا زه‌حمه‌ته‌ هیچ دیاری بكه‌ین، چونكه‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كۆڵناده‌ین له‌پرۆسه‌كه‌، هه‌ندێكی به‌رچاوه‌و روونه‌، بۆ نموونه‌ كاره‌با، پێشتر 7 بۆ 8 ئه‌وپه‌ڕی 11 سه‌عات كاره‌بامان هه‌بووه‌، له‌و كابینه‌یه‌ خه‌رجیی كه‌متری حكومه‌ت، داهاتی زیاتری كاره‌با بۆ حكومه‌ت، سیستمێكی باشتریش ئێستا وا خه‌ریكین بخه‌ینه‌ كار، توانیومانه‌ 21 سه‌عات كاره‌با دابین بكه‌ین، ئه‌وه‌ به‌خه‌رجیی زیاتر نه‌بووه‌، به‌ڵكو خه‌رجیش گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌و كه‌متری تێچووه‌".

سەبارەت بەفرۆشتنی نەوت و داھاتی حكومەت، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "ئه‌مه‌ كابینه‌ی نۆیه‌مه‌‌، هه‌شت كابینه‌ پێش ئێمه‌ به‌رپرسیاربوون به‌رامبه‌ر به‌به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م مه‌له‌فه‌، راسته‌ ئێستا وه‌ك حكومه‌تێكی به‌رپرسیار، ته‌حه‌مولی هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌ك له‌ئه‌ستۆ بگرین، حه‌زده‌كه‌م بزانن له‌دوای ساڵانى رابردوو ماوه‌یه‌ك هه‌بوو كوردستان به‌ره‌و بووژانه‌وه‌و گه‌شه‌یه‌كی ئابووریی به‌رچاو هه‌نگاوی ناوه‌، ئه‌و كاته‌ گله‌یی نه‌ده‌كرا، خۆ به‌و داهاته‌ نه‌وته‌ ده‌كرا، به‌داهاتی ناوخۆیی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا، به‌ڵام ئه‌و داهاته‌ بووه‌ته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پێشخستنی ژێرخانه‌ی ئابووری، سیاسه‌تی چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وت جیاوازه‌، حكومه‌تی عێراق تائێستا یاسای نه‌وت و گازی په‌سه‌ند نه‌كردووه‌و هێشتا به‌سیاسه‌تی مه‌ركه‌زی حكومه‌ت و رژێمی پێشووی به‌عس مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌له‌فه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش رێگه‌نادات هه‌رێمی كوردستان وه‌كو كیانێكی فیدرالی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌له‌فه‌ بكات، تاكو ئێستاش رێگه‌یان نه‌داوه‌و دانیان به‌وه‌دا نه‌ناوه‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌وت له‌بازاڕی ئازاد بفرۆشێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گله‌ییان كردووه‌و ره‌خنه‌یان گرتووه‌و رێگریان كردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌وانه‌ كردووه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕن، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌نرخێكی كه‌متر بفرۆشرێت"، پێشتریش چه‌ندین جار هه‌وڵی ئه‌وه‌دراوه‌ له‌گه‌ڵ عێراق بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق پێشمه‌رجی قورس و رێگرییان داناوه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندا نه‌بووه".

لەبارەی قه‌رزەكانی سه‌ر حكومه‌ت، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، به‌شێك له‌قه‌رزه‌كان، براده‌رێك باسی كرد، به‌سوپاسه‌وه‌ ئێمه‌ پێشتریش باسمان كرد، 27 یان 28 ملیار، زۆر راسته‌ هه‌مووی قه‌رز نییه‌و به‌شێكی پابه‌ندی داراییه‌، به‌شێكی حكومه‌تی عێراق قه‌رزاری ئه‌م خه‌ڵكه‌یه‌، نامه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر خشته‌كه‌، به‌ڵام باسم كرد رێژه‌كه‌ی چه‌نده‌ كه‌حكومه‌تی عێراق نه‌یناردووه‌و پابه‌ندیی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو حكومه‌تی به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی خۆی جێبه‌جێ كردووه‌ كه‌حكومه‌تی عێراق نه‌یناردووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئێوه‌ى په‌رله‌مانتار له‌جیاتی حكومه‌ت و هاووڵاتیانیش ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكه‌ن، كه‌بۆچی ئه‌و شایسته‌ داراییانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ریانه‌ نه‌یانناردووە".

لەوەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێك سەبارەت بەسیمای دوو ئیداره‌یی، سەرۆكی حكومەت گوتی، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م دایه‌وه‌، ئێمه‌ هیوادارین و دڵنیام كاك قوباد وه‌كو من و وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كانیش په‌رۆشی ئه‌وه‌ین ئه‌و ئاسه‌واره‌ نه‌مێنێ، به‌ڵام با راستگۆو واقیعی بین، ئه‌زموونێكی تاڵ و ناخۆشمان هه‌بووه‌ له‌ساڵانی رابردوو، ده‌مانه‌وێ ئه‌وه‌ به‌ئه‌زموونێكی باشتر بگۆڕین، شت به‌ته‌حه‌داو په‌له‌په‌ل ناكرێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌نگاوێك بچینه‌ پێش ده‌بێت هه‌نگاوێكى وابێت كه‌چه‌سپاو بێت، دڵنیاشم له‌كاتێكی زوودا ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یكه‌ین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ئاسه‌واره‌ نه‌مێنێت".

لەبەشێكی دیكەی وەڵامەكان سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: "باوه‌ڕ بكه‌ن له‌هه‌موو كه‌س و حكومه‌تێك زیاتر ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ مه‌سه‌له‌ی قورخكاری و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی به‌هه‌ر شێوازێك بێت نه‌هێڵێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسان نییه‌، ئه‌وه‌ی ئێستاش كراوه‌ ئاسان نه‌بووه‌، رووبه‌ڕووی گرفتی زۆر بووینه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌، پێویستیمان به‌یارمه‌تیی په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكه‌ن، پاڵپشتیی به‌رنامه‌كانی حكومه‌ت بن بۆ جێبه‌جێكردنی بابه‌تی چاكسازی".

سەرۆكی حكومەت گوتیشی، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌شتان بۆ باس بكه‌م، له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان هه‌وڵمانداوه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین، به‌رنه‌مایه‌كیشمان داناوه‌و ئێستا خه‌ریكین قسه‌ ده‌كه‌ین له‌جێبه‌جێكردندایه‌، زۆر له‌كۆمپانیاكان له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان ئیشیان كردووه‌، له‌هه‌ندێك شوێنیش ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت به‌سه‌ر خاڵه‌ سنوورییه‌كان لاوازبووه‌، لیژنه‌یه‌كی حكومیمان له‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكهێناوه‌ دیراسه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كام خزمه‌تگوزاری له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان پێویستن ئه‌وانه‌ پۆلێن بكه‌ین، ئه‌وانه‌ی كه‌حكومه‌ت خۆی ده‌توانێت بیكات ئه‌وه‌ خۆی ده‌یكات، ئه‌وه‌ی دیكه‌ پێویسته‌ كه‌رتی تایبه‌ت بیكات".

راشیگەیاند: "ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ راگرتنی دیارده‌ی قاچاخچێتییه‌، ئه‌وه‌ش بڵێم دیارده‌كه‌ ته‌نیا له‌خاڵه‌ سنوورییه‌ فه‌رمییه‌كان ناكرێت، له‌زۆر شوێنی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌زۆریش زه‌حمه‌ته‌، له‌هه‌موو دنیا باوه‌ خه‌ڵك قاچاخچێتی ده‌كه‌ن، بیرۆكه‌مان هه‌یه‌ كه‌له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ كه‌بۆ كه‌مترین رێژه‌ نزمی بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌وڵ و پابه‌ندیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وێت به‌تایبه‌تیش حكومه‌تی خۆجێییه‌كان یارمه‌تیده‌ر و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بن له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رده‌چن".

لەوەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێك لەبارەی ده‌ستگیركردنی خه‌ڵك به‌ده‌ر له‌یاسا مەسرور بارزانی گوتی: "ئه‌و براده‌ره‌ی باسی كرد به‌ده‌ر له‌یاسا خه‌ڵك گیراون، من ده‌ڵێم ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌، ئه‌وانه‌ی گیراون به‌بڕیاری دادوه‌ر گیراون، ئه‌وانه‌ی گیراون ته‌نیا داوای مووچه‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ته‌حریزیان كردووه‌ له‌كه‌ناڵه‌كان و له‌سۆشیال میدیاش داوای رووخان و سووتاندن و تێكدانیان كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ده‌ربڕینی را ده‌رده‌چێت و ده‌كه‌وێته‌ قاڵبی ته‌حریزو هاندان بۆ تاوان".

دەربارەی پرسیارێك كە بۆچی ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گاز بۆ دانه‌مه‌زراوه‌؟ مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئێمه‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ جیاوازی بیروبۆچوونمان هه‌یه‌، له‌كاتێكدا یه‌كلاده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ رێگر نه‌بووه‌ له‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ پێویست بووه‌ به‌شدار له‌ گفتوگۆی بابه‌تی نه‌وت و گاز، به‌ر‌ده‌وام گفتوگۆمان كردووه‌.

ھاوكات لەبارەی وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان سەرۆكی حكومەت گوتی: "دانه‌نانه‌وه‌‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان، به‌پێی یاسا من وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانیشم، كه‌واته‌ هیچ كێشه‌یه‌كی یاسایی نییه‌ كه‌بگوترێت وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو هه‌یه‌، به‌ڵام بۆچی وه‌زیرێكی دیكه‌ دانه‌نراوه‌، ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ له‌كه‌سێك بگه‌ڕێین بتوانێت ئه‌و مه‌له‌فه‌ وه‌كو پێویست به‌ڕێوه‌ببات و شاره‌زابێت و جێگه‌ی متمانه‌ بێت، توانای ئیش و كاره‌كه‌ی هه‌بێت، چونكه‌ كاره‌كه‌ ئاڵۆزه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ خۆم حه‌زم ده‌كرد له‌ورده‌كارییه‌كانی كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌ شاره‌زابم كه‌چۆن ده‌كرێت، تائێستاش پێشنیازی دوو كه‌سمان كردووه‌ كه‌وه‌ك وه‌زیر ده‌ستبه‌كار بێت، هه‌ر كاتێكیش گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام داواتان لێده‌كه‌م ئه‌و به‌ڕێزه‌ پێنشیازكراوه‌ دێته‌ په‌رله‌مان ده‌نگی پێبده‌ین بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان".

لەبارەی قاچاخچێتی مەسرور بارزانی رایگەیاند: "من حه‌ز ناكه‌م به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو لایه‌ك تاوانبار بكرێن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك حه‌زده‌كات خۆی ده‌ربخات ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واقیعی بن و له‌ئاستی به‌رپرسیارێتیی ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مان بن، ده‌بێت واقیعی بن، له‌ره‌خنه‌گرتنتان له‌ئاماژه‌كردنتان، حه‌ز ده‌كه‌م به‌گشتی باس نه‌كه‌ن و به‌وردی باسی بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن، به‌سوپاسیشه‌وه‌ لێتان وه‌رده‌گرین، بزانین له‌كوێ دزی و قاچاخچێتی ده‌كرێت، من خۆم له‌هیچ یه‌كێك له‌ئێوه‌ كه‌متر نازانم په‌رۆشی ئه‌وه‌بم گه‌نده‌ڵی بنبڕ بكرێت و چاكسازی بكرێت، شتێكه‌ خۆم قه‌ناعه‌تم پێیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ئێوه‌ رازی بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌مه‌ ویژدانی خۆم و خوای خۆم رازی بكه‌م، له‌هه‌مووتان زیاتر ده‌مه‌وێ گه‌نده‌ڵی له‌م وڵاته‌ بنبڕ بكڕێت و چاكسازی راسته‌قینه‌ بكرێت، به‌ڵام ده‌بێت واقیعی بین، شت به‌موزایه‌ده‌ ناكرێت، ده‌بێت زۆر به‌جدی بێین ئه‌و خاڵانه‌ی پێویستییان به‌چاكسازییه‌ بخه‌ینه‌ڕوو".

سەبارەت بەمووچە سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا: "هه‌ندێك شت ناویژدانییه‌، ده‌گوترێت به‌ 60 رۆژ نیو مووچه‌ ده‌درێت، وانییه‌، به‌ 60 رۆژ نیو مووچه‌ نه‌دراوه‌، ئێستا له‌ 14ه‌مین مانگین، 12 مووچه‌مان داوه‌، دوومانگیش به‌رێژه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌ستكاری كراوه‌و دابه‌ش كراوه‌، ئه‌گه‌ر به‌بڕیاری حكومه‌تی عێراق با ده‌بوایه‌ 3 مووچه‌ هه‌ر نه‌ده‌ین، چونكه‌ 3 مووچه‌یان بۆ ئێمه‌ هه‌ر نه‌ناردووه‌، هه‌ندێكجاریش دواده‌كه‌وێت خه‌تای ئێمه‌ نییه‌، ئێمه‌ تووشی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ بووین، ده‌بوایه‌ یارمه‌تیی ئێمه‌ بده‌ین كه‌چۆن رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانانه‌ ببینه‌وه‌، من نه‌هاتووم ڤایرۆسی كۆڕۆنام هێنابێته‌ كوردستان، نرخی نه‌وت ئێمه‌ دامان نه‌بەزاندووه‌، ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌رپرس نییه‌ له‌هه‌ره‌سهێنانی كه‌رتی ئابووری له‌هه‌موو دونیا، خه‌تای ئێمه‌ نییه‌، زۆر وڵاتی زلهێزیش ئه‌م كێشه‌یه‌یان رووبه‌ڕوو بووەته‌وه‌، مووچه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، حه‌ز ده‌كه‌م به‌واقیعی بیر بكه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ واقیع مامەڵە بكه‌ن و واز له‌موزایه‌ده‌ بێنن، بزانن بژارده‌كانی دیكه‌ی به‌رده‌ستی ئێمه‌ چی بوون؟ بژارده‌كان ئه‌وه‌بوون ته‌سلیمی راده‌ستی واقیعێكی تاڵ و ناخۆش بین و هیچیش نه‌كه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌سلیم نه‌بووین، هه‌وڵماندا خه‌رجییه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، داهات زیاد بكه‌ین، له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وام بین، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت له‌و كاته‌ی كه‌پێویست بێت ئه‌و بڕه‌ مووچه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌ بێت بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ین".

سەبارەت بەرێگه‌وبان لەھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی قسه‌ ده‌كرێت، بڵێن له‌ئاستی چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام ناكرێ بڵێین هیچ نه‌كراوه‌، چۆن نه‌كراوه‌؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو رێگه‌وبانه‌ی پێیداده‌چن چییه‌؟ له‌راپۆرته‌كه‌شدا ئاماژه‌م به‌وه‌كرد، كه‌چه‌ند رێگه‌وبان نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه‌، چه‌ند پرۆژه‌ی ستراتیجی رێگه‌وبان له‌ژێر جێبه‌جێكردندان، به‌ڵام ئایا له‌ئاست چاوه‌ڕوانیی ئێمه‌یه‌، نه‌خێر؟ چونكه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی پێویسته‌ له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دا نییه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وه‌ش وه‌ك جێگره‌وه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌مانداوه‌ وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانی وابكه‌ین بێنه‌ ئێره‌ پاره‌ ئیستیسمار بكه‌ن، هه‌لی كار بڕه‌خسێنن، كه‌رتی ناوخۆ ده‌ستبه‌كاره‌كانی خۆی بكاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانانه‌ جووڵه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بازاڕ، پرۆژه‌كانیش ده‌ستیان پێكردووه‌ته‌وه‌، زۆر پرسیاره‌كان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ ئێوه‌ پاره‌تان نییه‌ بۆ مووچه‌ بۆ پرۆژه‌كه‌ی پێ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ پاره‌ی حكومه‌ت نییه‌، ئه‌مه‌ پاره‌ی كه‌رتی تایبه‌ته‌ كه‌ پرۆژه‌كانی پێ ده‌كرێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ حكومه‌ت بێت پاره‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ ته‌رخان بكات، رێگه‌ی به‌ كه‌رتی تایبه‌ت داوه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ جێبه‌جێ بكات و هانیداوه‌".

دواتر قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وته‌یه‌كدا دوای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ رێكخستنی ئه‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان، هیوای خواست ئه‌و دانیشتنه‌ ببێته‌هۆی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان و باسی له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداو دۆخی دانوستانه‌كان و قه‌یرانی دارایی له‌عێراق به‌گشتی كردو رایگه‌یاند: "دوای ته‌نیا یه‌ك رۆژ له‌سوێندخواردنی یاسایی ئه‌م كابینه‌یه‌ "كابینه‌ی نۆیه‌م" به‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی حكومه‌ت و خۆم و شاندێكی یاوه‌رمان سه‌ردانی به‌غدامان كرد، له‌وێش په‌یامێكی روون و ئاشكرامان به‌به‌غدا گه‌یاند كه‌ دمانه‌وێت هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌رابردوودا روویانداوه‌ له‌رابردوودا دایبخه‌ین و ئێستا ده‌مانه‌وێت په‌یوندییه‌كی نوێی تۆكمه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بیت و ئه‌و په‌یامه‌ی ئێمه‌ش له‌به‌غدا به‌ئه‌رێنی وه‌رگیرا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "راسته‌وخۆ دوای سه‌ردانمان بۆ به‌غدا، شاندێكی حكومه‌تی ئه‌و كاتی فیدراڵ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردو دواتر دانوستانه‌كانمان چڕكرده‌وه‌و گوتیشی: "له‌و دانوستانانه‌دا باسی چه‌ند شتێكی نوێمان كردو توانیمان هه‌ندێك گرێكوێره‌ی كه‌ له‌رابردوودا هه‌بوون بیكه‌ینه‌وه‌، له‌وانه‌ش پرسی راده‌ستكردنی داهات، نه‌وت و قه‌رز.. هتد. هه‌ستیشمان به‌وه‌ كرد كه‌نیازێك هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن".

ئاماژه‌ی به‌خۆپیشاندانه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2019ی عێراقیش كرد، كه‌كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر دۆخی گشتیی عێراق داناو رایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداش هه‌بوو و جۆرێك له‌دابڕان له‌دانوستانه‌كانی ئه‌و كات روویداو بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌رده‌وام بوو، تادۆخه‌كه‌ كه‌مێك ئاسایی بووه‌وه‌، دواتر حكومه‌تی هه‌رێم توانیی له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ره‌شنووسی رێكه‌وتنێكی ستراتیژی رێكبكه‌وێت، هیواشمان وابوو ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ببێته‌ بنه‌مای دیاریكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020، به‌ڵام به‌هۆی فشاره‌كانی شه‌قام، ته‌نیا دوای 3 رۆژ حكومه‌تی ئه‌و كاتی عێراق ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش وه‌ستا".

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان گوتیشی: "هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 له‌عێراق روویاندا "كه‌به‌شێكی به‌كاره‌سات ناوبرد"، كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی، ئابووری و ئه‌منیی عێراق به‌گشتی كرد، دواتریش په‌تای كۆڕۆنا، له‌پاڵ ئه‌و هه‌مووه‌ش بۆشاییه‌كی یاسایی له‌عێراق درووستبوو و نه‌توانرا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2020 په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ ئه‌و كات حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر ئیداره‌ی عێراقی ده‌دا، شكست به‌هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ش هێنرا كه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی عێراق ده‌دران".

قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ به‌ر له‌پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی و دوای پێكهێنانیشی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌رده‌امیدان به‌دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌رده‌وام بوو و توانیمان ته‌نیا دوای یه‌ك رۆژ له‌سوێندخواردنی یاسایی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق و كابینه‌كه‌ی، سه‌ردانی كازمی بكه‌ین و نیازی خۆمان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان پێڕاگه‌یاند، ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستانیشمان نیشاندا كه‌نامانه‌وێ ته‌نیا كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق به‌گشتی هاوكاربین".

گوتیشی: "دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی چڕوپڕ له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی عێراق، دواجار گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتنێكی كاتی".

له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند: "ئێمه‌ به‌شێكین له‌وڵاتێك كه‌نوقمی قه‌یران و كێشه‌یه‌ له‌بواره‌كانی سیاسی، ئابووری و ئه‌منییه‌وه‌‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم ته‌نیا له‌رێگه‌ی رێككه‌وتنێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت، به‌ڵام له‌و دۆخه‌دا عێراق ناتوانێت له‌رێگه‌ی هیچ رێككه‌وتنێكه‌وه‌ ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ ناتوانێت كێشه‌كانی خۆشی چاره‌سه‌ر بكات".

گوتیشی: "قه‌یرانی عێراق زۆر له‌وه‌ قووڵتره‌ كه‌ به‌راده‌ستكردنی داهاتی نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كانیش چاره‌سه‌ر بێت، بۆیه‌ ئه‌وانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌هیچ رێگه‌چاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌میان نییه‌ جگه‌ له‌ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌سیسته‌می حوكمڕانی و دارایی عێراق و وه‌رگرتنی قه‌رزێكی زیاتر بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌كه‌ی".

ئاشكراشیكرد شه‌ڕێكی به‌رده‌وام له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای 2020 هه‌یه‌و هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ر نایانه‌وێت ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ ده‌زانن كه‌ئه‌مه‌ ده‌رگا به‌ڕووی عێراقدا ده‌كاته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزی زیاتر، بۆیه‌ ئه‌و هه‌موو قه‌یران و كێشانه‌ی عێراق كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه‌.

راشیگه‌یاند: "من گه‌شبینم كه‌نیه‌تێك هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌رێكه‌وتنێكی باش له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، به‌ڵام پێویسته‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت و ئه‌و كاركردنه‌ش ته‌نیا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ناكرێت، چونكه‌ حكومه‌ت لایه‌نێكی جێبه‌جێكاری ته‌كنیكییه‌"، گوتیشی: "به‌شێك له‌كیشه‌كانمان سیاسین، چونكه‌ هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی هه‌ن، ئاراسته‌یه‌كیان له‌ناو خه‌ڵكی عێراق خوڵقاندووه‌، گوایه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانی عێراقه‌و خه‌ڵكیان به‌شێوه‌یه‌ك تێگه‌یاندووه‌ كه‌هه‌رێمی كوردستان به‌شی خۆی ده‌خوات و به‌شی ئه‌وانیش ده‌بات، به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غداش ده‌ستیان له‌خوڵقاندنی ئه‌و ئاراسته‌یه‌دا هه‌یه‌و یارمه‌تیده‌ربوون بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ لای خه‌ڵكی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست بێت".

گوتیشی: "به‌داخه‌وه‌ تائێستا راگه‌یاندن و هێزه‌ سیاسییه‌كانمان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌وه‌ك پێویست رووبه‌ڕووی ئه‌و شه‌پۆڵه‌‌ كێشانه‌ ببنه‌وه كه‌ له‌شه‌قامی عێراقییه‌وه‌ رووی له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه‌‌".

پاشان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004 بۆ 2020 بە تەنها نەیتوانیوە بودجە تەئمین بکات و موچەی تەواوەتی فەرمانبەران بدات، ئەمساڵیش کە کورتهێنان لە بودجەی عێراق دروست بوە، بە نەدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی پڕکراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەمانگی تەمموزی ساڵی 2019 کەکابینەی نوێ دەستبەکاربوو 27 ملیاردینار قەرزو پابەندی دارایی لەسەر حکومەت بووەو سێ مووچەی ساڵی پێشووتریش نەدرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ یەدەگێکی داراییمان نەبوو."

ئاوات شێخ جەناب روونیشی کرەوە، "بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم بانکی ناوەندیی نییەو وڵات نییە، نەیتوانیوە قەرز لەبانکی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەی".

لەبارەی لێبڕینی مووچە، وەزیری دارایی و ئابووری گووتی: "چەند پێشنیازو ئەگەرێک لەبەردەمماندابوو بۆ پێدانی مووچە، یەکێک لەوانە ئەوەبوو دوو مانگ جارێک مووچە بدرێت، ئەوەش دەیکردە (50%)ی مووچە، کەس بەوە رازی نەبوو، دوای تاووتوێکردنی سیناریۆکان بەپێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستە بڕیاردرا (21%)ی مووچەی فەرمانبەران نەدرێن، بۆ مانگی داهاتووش کراوەتە (18%)، ئەوەش پەیوەندیی بەکەمکردنەوەی سیاسیەتی خەرجییەکانەوە هەیە بۆئەوەی سیولەی زیاترمان بۆ مووچە لەبەردەستدا بێت".

پاشان 98 ئه‌ندامی په‌رله‌مان پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیرى دارایی كردو د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ر له‌وه‌ى سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی په‌رله‌مانتاران بده‌نه‌وه‌، رایگه‌یاند: "(98) په‌رله‌مانتار پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه‌و ئه‌مه‌ش زۆرینه‌ی ره‌هایه"، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌شی له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ گرت كه‌هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان جێهێشتبوو ‌و رایگه‌یاند: "پێویست بوو لێره‌ بونایه‌و گوێیان له‌وه‌ڵامه‌كان گرتبا".

دواتر مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیرى دارایی و ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كه‌به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان رێگه‌ی پێدرا قسه‌ بكات، وه‌ڵامى سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌ درایه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌باره‌ت چاكسازی و په‌تای كۆڕۆناو ‌پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون و دۆخی ئابووری و مووچه‌و دامه‌زراندن و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و دانوستانه‌كانى هه‌رێم و به‌غداو ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌رزه‌كان و پرسی نه‌وت و شه‌فافیه‌ت و گرێبه‌سته‌كان و دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئاراسته‌یان كرابوو.

له‌كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی پشوودرێژیی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زسرى دارایی و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كردو رایگه‌یاند: "ئێمه‌ نزیكه‌ی 10 سه‌عاته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشتووین و گفتوگۆ ده‌كه‌ین، هیوادارك ئه‌مه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی زۆرباش بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستى نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بۆئه‌وه‌ى بتوانین كۆبوونه‌وه‌ى هاوشێوه‌ له‌ئاینده‌دا به‌ڕێوه‌ ببه‌ین، زۆر سوپاس و ده‌ستتان خۆشبێت".
به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.