Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 00:31

شاندێکی حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان به‌شداری له‌کۆوبونه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات

کوردستان TV
100%


لەمیانەی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەکانی خولی (١٩)ی لیژنەی تایبەت بە رێككه‌وتننامه‌ی پاراستنی هەموو کەسەکان له بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: گەلی کورد گەورەترین قوربانی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ بووە
لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق، شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کرد لە كۆبوونه‌وەکانی خولی (١٩) لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە رێككه‌وتننامه‌ی پاراستنی هەموو کەسەکان له‌ بێسەروشوێنکردنی زۆره‌مڵی كە لە بارەگای یۆنامی لە بەغدا لە رۆژی ٥ تشرینی یەکەم بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو. 

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی هەرێم سەبارەت بە بەشداری کردنیان لەم کۆبوونەوانە وتی: بریار وابوو كۆبوونەوەكە لە سەرەتای مانگی نیسان لە جنێڤ ئەنجامدرابا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دواخران بۆ سەرەتای مانگی ئوکتۆبەر و شوێنەكەشی گواسترایەوە بۆ بەغدا، لە میانەی کۆبوونەوەکان وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا پێشکەشکرا و ئەوەمان دووپات کردووە کە كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین قوربانی بێسه‌روشوێن كردنی زۆره‌ملێ بووە، ئه‌مه‌ش خۆی بێسه‌روشوێنكردنی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌ نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠ و ئه‌نفال كردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی و ١٨٢٠٠٠ كەس لە بادینان و گه‌رمیان، هەروەها لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە به‌ هه‌زاران هاووڵاتی كوردی ئێزیدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بێسه‌روشوێنكران کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە. 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم هەروەها وتی: لە بەشێکی دیکەی وتارەکە تیشکمان خستە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری یارمەتیدانی قوربانیانی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لە سەردەمی بەعس وەک تەرخان کردنی موچە بۆ کەسوکاریان، پێدانی زەوی، سوودمەندبوون لە منحەی خوێندن و چەند بوارێکی دیکە، سەبارەت بە بێسەروشوێنبووانی داعش لێژنەیەك دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەت تەرخان كراوە بۆ رزگارکردنیان و تا رۆژی ٢/٩/٢٠٢٠ توانراوە (٣٥٣٧) کەسیان ئازاد بکرێن لەوانە (١٢٠١) ئافرەت (٣٣٩) پیاو و (١٠٤٣) منداڵی کچ و (٩٥٤) منداڵی کوڕ و تا ئێستا (٢٨٨٠) یان بێسەورشوێنن و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنیان. 
دیندار زێباری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەک دامەزراوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش، هەروەها دەستەیەک دانراوە بەناوی (لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و چارەسەرکردن) بەمەبەستی بە دیکیۆمینت کردنی تاوانەکانی داعش و لەم رووە هەنگاوی زۆر نراوە بۆ تۆمار کردنی ئەو تاوانانە بەتایبەتی ئەوانەی دژی ئافرەتان ئەنجامدراون، هەرلەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەت نێردراون بۆ ئەڵمانیان بە مەبەستی چارەسەرکردن.
سەبارەت بە رفاندنی کریستیانەکان زێباری وتی: لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش نزیكەی (٢٠٠) دوو سەد هەزار کریستیان ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها ژمارەیەكی زۆریشیان رفێندراون لەوانە  (٢٥٠) كەس كەیسەكانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاكو رێكەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دیكیۆمینت كراوە کە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەوانە (١٧٤)یان رزگار كراون، بەڵام تا ئێستا (٧٦) یان رزگار نەكراون، لەوانەی كە رزگار نەكراون ژمارەیەكیان ئافرەتن. 
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەر کەمپێک یەکەیەکی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون، نووسینگەی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و زیاتر لە (١٢٣٢٥٧) پشکنین بۆ ئافرەتی دووگیان پشکنینی جۆراوجۆریان بۆ کراوە، لەگەل پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو و لەکەمپی حەسەن شام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لە دەستداوە و چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان ئەنجامدراوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر مامەڵە کردن لەگەڵ ئافرەت و نەوجەوانانی دەستگیرکراو بە تۆمەتی تیرۆر و وتی: ئەو ئافرەت و نەوجەوانانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەکرێن، رەوانەی چاکسازییەکان دەکرێن و لە بنکەکانی دەستگیرکردن ناهێڵرێنەوە، لە ماوەی نێوان١/٧/٢٠١٧ تاکو ١٤/٢/٢٠١٨ ئەوانەی کە دەستگیر کراون ژمارەیان (١٩٤) كەس بووە کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە، سەبارەت بە ئافرەتانیش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨  زیاتر لە (٢٦٠)یان دەستگیرکراون، دوای وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی (٤١)یان ئازاد کراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ لە چاکسازییەکانی هەرێم (٢٩) نەوجەوان و (٢٣) ئافرەت بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون، لەبەر ئەوەی داعش بەشێک لەو منداڵانەی بۆ کردەوە خۆکوژییەکان بەکارهێنا بۆیە وەک قوربانیانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ نەک تیرۆریست، و هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانی کەسوکاریان و بەکارهێنانی مۆبایل، هەروەها بەرنامەیەکیش دانراوە بۆ بەردەوام بوونیان لە خوێندن.
لە وتەکەیدا دیندار زێباری ئاماژەی بە زیندانی نهێنی لە هەرێم و رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و وتی: لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر زیندانی هەیە ئەوانیش: بنکەکانی راگرتن و گواستنەوە، چاکسازی گەوران و چاکسازی ئافرەتان و نەوجەوانان و هیچ  زیندانییەکی نهێنی لە هەرێم بوونیان نییە، هەروەها دەرگای زیندانەکان کراوەیە بۆ ئەو لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی کە دەیانەوێ سەردانی بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی راگیراو و سزادراون بن بەپێی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەم رووەوە چەندین رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی مافەکانی مرۆڤ سەردانی زیندانەکانیان کردووە. 
لەلایەکی دیکەوە لیژنەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەرێم پێکهاتووە بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوان و لەم رووەوە تا ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە (١٤٠٠) دەستگیرکراوی ناوچەکانی موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالا و حەویجە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠یش ژمارەیەکیان رادەستکراون.  
سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ زیاتر لە (٢٦٥٢) کەس دەستگیرکران، لەوانە (١١٠٠) کەسیان تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا ساغ بۆوە و سزاکانیشیان لە نێوان زیندانی کردن بۆ ماوەی سێ سال و تاهەتایە بوو، هەروەها (٨٧٠) کەس ئازاد کران، لە شەش مانگی کۆتایی ٢٠١٧ نزیکەی (٧٩٠) کەس دەستگیر کران کە بەشێکیان خۆیان رادەستکردەوە لەوانە (٢٧٩) ئازاد کران لەبەر نەبوونی بەڵگە و (٢٧)یان سزای جیاجیان بۆ دەرچووە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر لە دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمن (٤٦١) کەس بووە (٣٣٥) عێراقی و (١٨) بیانی، (٣٩٨) لەوانە دادگایی کراون سزایان بۆ دەرچووە  و (٤٨) گومان لێکراویش ئازاد کراون لەبەر نەبوونی بەڵگە.
لە کۆتایی وتەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خست سەر بابەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و یاسا بەرکارەکان لەم رووەوە و وتی: لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر گۆڕی بە کۆمەڵ هەیە بەشێکیان بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە و لەوانە روفاتی (٢٦٧٢) کەسیان لە کۆی (٣٠٠) گۆڕی بە کۆمەڵ گەڕێندراونەتەوە هەرێم، بەشی دووەم ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعشن کە تا ئێستا (٨٣) گۆڕیان دۆزراونەتەوە و پرۆسەی هەڵدانەوەی بە ئامادەبوونی لیژنەی هەماهەنگیکاری سەر بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و تیمی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یونیتاد ئەنجام دەدرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.