Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 02:22

دادگایەکی ئورمیە حوکمی پەڕاندنی چوار په‌نجه‌ی دەستی بۆ چوار زیندانی کورد ده‌رکرد

کوردستان TV
100%

چوار زیندانی خەڵکی شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و ئورمیە لەلایەن دادگای منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیەوە حوکمی پەڕاندنی قامکی دەستیان بە سەردا سەپاوە کە حوکمی دوو کەسیان لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی پەڕاندنی قامکی دەستی ڕاستی دوو بەندکراوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج بە ناوەکانی ”مێهرداد تەیمووری“ 30 ساڵە و ”شەهاب تەیمووری“ 35ساڵە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ”ئیرەج خەتیبی“  ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی دێسامبری 2018 بە تۆمەتی دزی لە شارۆچکەی مەلارد سەر بە پارێزگای کەرەج دەستبەسەر و مانگی 8ی  2019 لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی یەکی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیە بە تۆمەتی دزی کردن حوکمی پەڕاندنی 4 قامکی دەستی ڕاستیان بە سەردا سەپا.

مانگی خاکەلیوەی ئەمساڵ لقی 24ی دیوانی بەرزی وڵات حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری وەک خۆی پەسەند کرد و حوکمی ئیرەج خەتیبی شیاوی سزای حەد نەزانراوە و حوکمەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “ئارەش عەلی ئەکبەری” بە تۆمەتی دزی لەلایەن لقی دووهەمی دادگای تاوانەکانی یەکی ئورمیە حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بە سەردا سەپاوە.

ئارەش عەلی ئەکبەری تەمەن 32 ساڵ و باوکی منداڵێکە کە مانگی سێپتێمبه‌ری 2019 بە تۆمەتی دزی لە ئورمیە دەستبەسەر و مانگی 8ی 2020 حوکمی پەڕاندنی ٤ قامکی دەستی ڕاستی بە سەردا سەپاوە.

شایه‌نی باسه‌ ئەو تۆمەتبارە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و دوای سەپاندنی حوکمەکە و تانەی ناوبراو، دۆسیەکەی بۆ دیوانی بەرزی وڵات بەڕێکراوە.

hengaw.net

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.