Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 11:26

چه‌ند جۆر‌ له‌ هه‌ستیاری لووت هه‌ن؟

ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی وه‌رزییان هه‌یه‌ ده‌توانن ماوه‌یه‌ك پێش ده‌ست پێكردنی نیشانه‌كان چاره‌سه‌ر به‌كار بێنن
کوردستان TV
100%

 نه‌خۆشی هه‌ستیاری لووت بریتییه‌ له‌ بوونی چه‌ند نیشانه‌یه‌ك وه‌ك پژمینی زۆرو ئاو هاتن له‌ لووت و چاو، خورانی لووت و چاوو گه‌روو له‌كاتی به‌ركه‌وتنی دووكه‌ڵ و تۆزو بۆن، گه‌رمی و ساردی، هه‌روه‌ها ده‌نكه‌ هه‌ڵاڵه‌و توێشكی ئاژه‌ڵ و وورده‌ مێرووی ناو تۆز (house dust mites).

 

له‌ كاتی به‌ركه‌وتنی ناوپۆشی لووت به‌و ته‌نانه‌ی كه‌ هه‌ستیاری پێ هه‌یه‌، چه‌ند مادده‌یه‌ك ده‌رده‌درێن گرنگترینیان هیستامینه‌، ده‌بنه‌ هۆی ئه‌و نیشانانه‌ی كه‌ باسكران.

 

به‌گوێره‌ی هۆكاره‌كان هه‌ستیاری دوو جۆری هه‌یه‌:

 

1. هه‌ستیاری وه‌رزی; كه‌ له‌ وه‌رزێكی دیاری كراو تووشی ده‌بێت، لێره‌ زیاتر به‌هۆی هه‌ستیاری به‌ دارو دره‌خت و گژو گیا ده‌بێت و له‌وه‌رزی به‌هار رووده‌دات.

 

2. هه‌ستیاری به‌رده‌وام; نه‌خۆش به‌درێژایی ساڵ كێشه‌ی ده‌بێت، زیاتر به‌هۆی ئه‌و تۆزو زینده‌وه‌رانه‌ ده‌بێت كه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمانن.

 

خۆپاراستن:

گرنگترین هه‌نگاو له‌ چاره‌سه‌ری هه‌ستیاری لووت پارێزییه‌، ده‌بێت كه‌سی نه‌خۆش هۆكاره‌كانی تووش بوون به‌ هه‌ستیاری دیار بكات و به‌ گوێره‌ی توانا خۆی لێیان به‌ دوور بگری، وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تۆزو دووكه‌ڵ و بۆن، گۆڕینی كار، ده‌رنه‌چون له‌كه‌شی تۆزو خۆڵ، هه‌روه‌ها پۆشینی ده‌مامك له‌ كاتی پێویست.

 

چاره‌سه‌ر:

 

1. ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی وه‌رزییان هه‌یه‌ ده‌توانن ماوه‌یه‌ك پێش ده‌ست پێكردنی نیشانه‌كان چاره‌سه‌ر به‌كار بێنن.

 

2. ئه‌وانه‌ی به‌ درێژی ساڵ كێشه‌یان هه‌یه‌ ده‌توانن به‌ به‌رده‌وامی و به‌پێی زۆری و كه‌می نیشانه‌كانیان چاره‌سه‌ر وه‌رگرن.

 

3. ده‌رمانی دژه‌ هستامین; ئه‌وانه‌ چه‌ند جۆره‌ ده‌رمانێكن له‌ شێوه‌ی حه‌ب و شرووب هه‌ن، له‌ كاتی بوونی نیشانه‌كان به‌كار دێت، خێرا كار ده‌كه‌ن و ده‌توانرێ له‌كاتی نه‌مانی نیشانه‌كان وازیان لێ بهێنرێ.

 

4. سپرای ستیرۆیدی; ئه‌وه‌یان ده‌رمانی سه‌ره‌كی هه‌ستیاری لووته‌، جۆره‌ نوێكانی زۆر سه‌لامه‌تن و ده‌توانرێ بۆ چه‌ند ساڵێك به‌ به‌رده‌وامی به‌كاریان بێنی، كار كردنی خێرا نییه‌و دوای نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ هه‌ست به‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌كرێت.

 

5. خۆ به‌ دوور گرتن له‌ به‌كارهێنانی حه‌ب یان ده‌رزی ستیرۆیدی له‌به‌ر بوونی زیانی لاوه‌كی زۆرو مه‌ترسیدار.

(دكتۆر ئاراز خۆشناو – پسپۆری نه‌خۆشییه‌كانی ENT)

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.