سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کرد.
ئەمڕۆ بەڕێز دادوەر بەنگین قاسم محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوری عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە، دوای بەخێرهێنانی شاندی مێوان، لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوری، باسی گرنگی ئەو سەردانانەو بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولاکرا.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق وێڕای سوپاس کردنی ئەو پێشوازییە گەرمە، رایگەیاند هەرچەند سەردانێکی درەنگ وەختیشە، بەڵام ئەمە سەرەتایەکی گرنگە بۆ هەردوولا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوانیان، هەروەها راشیگەیاند ژمارەیەک پرس و بابەتی هاوبەش هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا بە
تایبەت لەڕووی دەستوری و یاساییەوە کە پێویستە بە روئیایەکی هاوبەش و هەماهەنگ چارەسەر بکرێن وەک یاسای دادگای فیدراڵی و چەندین پرسی یاسایی دیکە، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان رێز لە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان دەگرن و پێویستە هەر هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕییەکیش بە ڕەچاوکردنی ئەو تایبەتمەندییەی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە چارەسەرەکان لەسەر بنەمای دەستوری و یاسایی بێت.
دواتر شاندی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە یاوەری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێریان کردو لەلایەن سەرۆکی دادگاو دادوەران پێشوازییان لێکرا.
لە دانیشتنێکدا بیرو را لەسەر ژمارەیەک پرس و بابەتی یاسایی پەیوەندیدار و هەماهەنگی زیاتری نێوان دادگاکانی هەرێم و بەغدا و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ ئەو کێشەو گرفتانەی لەنێوان هەردولا هەن، تەئکیدی لەسەر کرایەوە.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیاندا، شاندی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە یاوەری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم سەردانی دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچەی سلێمانیان کرد.
دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی دادگای تێهەلچوونەوەی سلێمانی پێشوازی کران، سەردانی دادگای تێهەلچونەوەی سلێمانیان کردو لەگەڵ ژمارەیەک دادوەرو ئەندامی داواکاری گشتی ناوچەی سلێمانی کۆبوونەوە.
لە دانیشتنێکدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و رایگەیاند ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ئەنجومەنی دادوەری فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمە، بە شێوەیەک هەردوولا وەک یەک خانەوادەی دادوەری لە عێراق کار بۆ چەسپاندنی یاسا و هەماهەنگی یاسایی لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەستوری و یاساییەکانی نێوان هەردوولا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.