Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 23:46

قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرت

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 8ی‌10ی‌ 2020، بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دووی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌ دوو رۆژی رابردوودا و به‌هۆی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و فرۆشتنی گۆشته‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست، لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرتووه‌.

وتی: ئاژه‌ڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ شه‌قامه‌كانی هه‌واری شار و ناوچه‌ی تانجه‌رۆی‌ شاری سلێمانی سه‌ربڕدرابوون لیژنه‌كه‌ به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌‌‌‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌و كوشتارگایانه‌ی له‌لایه‌ن دكتۆر و كه‌سانی شاره‌زای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانییه‌وه‌‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، پێش سه‌ربڕین و دوای سه‌ربڕین، پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن تا بزانرێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ بۆ سه‌ربڕین شیاوه‌، دواتریش بۆ دڵنیابونه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستی گۆشته‌كه‌ بۆ خواردن، پشكنینێكی دیكه‌ بۆ گۆشته‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ پاشان مۆر ده‌كرێت و به‌ ئۆتۆمبێلی ساردكه‌روه‌ ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كان ده‌كرێت.

راشیگه‌یاند: ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌كۆڵان و شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه‌ نه‌كراوه‌، شوێنی سه‌ربڕین و فرۆشتنه‌كه‌شیان مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری تێدا نییه‌.

بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، داوا له‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی كرد، بۆ پاراستنی ته‌ندروستی خۆیان و خێزانه‌كانیان ئه‌و جۆره‌ گۆشته‌ مه‌كڕن له‌شه‌قام و كۆڵانه‌كان به‌ده‌ر له‌رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری سه‌رده‌بڕرێن و ده‌فرۆشرێن، له‌كاتی هه‌بونیدا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

ئاشكراشیكرد، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ئاژه‌ڵه‌ سه‌بڕدراوه‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی كراون بۆ له‌ناوبردن و ته‌واوی ئه‌و پێداویستیانه‌ی له‌و پیشه‌دا به‌كارهێنراون له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ له‌ناوده‌برێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.