Erbil 38°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 10:38

ته‌رمی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی له‌ گۆرستانی گه‌وره‌ی که‌سنه‌زان به‌ خاک سپێدرا

له‌ 22/1/1966 له‌ كفری له‌ دایك بووه‌
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ هه‌ینی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی نووسه‌ر و شاعیر و چالاكوانی كورد پاش چه‌ند ڕۆژێك مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد.

 نووسه‌ر و شاعیر، چالاكوانی پرسی مافه‌كانی ئافره‌‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان، "مهاباد قه‌ره‌داغی" به‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ چاودێریكردنی و چاره‌سه‌ركردنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ تووشبووانی كۆرۆنا ناسراو به‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیماراتی، له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دواییكرد.

 

له‌ بواری میدیا، شیعر، ئه‌ده‌ب، پرسه‌كانی توندوتیژی، مافی ئافره‌تان، كاری كردووه‌ و چه‌ندین به‌رهه‌می چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

 

له‌ رابردوودا بۆ ماوه‌یه‌ك راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، بۆ كاروباری ئافره‌تان.

 

سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری "شكار" بوو، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان و مافی ئافره‌ت. چه‌ندین به‌رهه‌می چاپكراوی له‌ شیعر و چیرۆك و رۆمان له‌ دوای خۆی به‌جێهێشتووه‌.

 

هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌ هۆی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ گواسترابووه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و به‌ هۆی كاریگه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، له‌ ته‌مه‌نی (54) ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، له‌ ساڵی 1966 له‌ شاری كفری له‌دایكبوه‌. له‌ ساڵی 1978 ده‌ستی به‌ نوسین كردوه‌. له‌ ساڵی 1980 یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری له‌ ڕۆژنامه‌ی هاوكاری بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ده‌سگیر ده‌كرێت له‌ زیندانه‌كانی كفری و به‌عقوبه‌ و به‌غدادو زه‌عفه‌رانیه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیندانی بووه‌.

ktv

پرۆفایلی ژیانی مهاباد قه‌ره‌داغی

 

* له‌ 22/1/1966 له‌ كفری له‌ دایك بووه‌، به‌ هۆی له‌دایكبوونی له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له‌ مهاباد، به‌ ناوی "مهاباد" ناونراوه‌.

 

* له‌ ساڵی 1978وه‌ ده‌ستی به‌ نووسینی شیعر كردووه‌. له‌ ئاداری ساڵی 1980دا یه‌كه‌مین به‌رهه‌می شیعری له‌ هه‌فته‌نامه‌ی "هاوكاری" بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 

* له‌ 27ی نیسانی هه‌مان ساڵدا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌ سۆنگه‌ی شیعری به‌رگری، ده‌ستگیركراوه‌. له‌ ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كانی ئه‌منی كفرییه‌وه‌ بۆ به‌عقووبه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ زه‌عفه‌رانییه‌ و دواتر بۆ ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا گواستراوه‌ته‌وه‌‌ و له‌ ساڵی 1981دا له‌ دادگای سه‌وره‌ له‌ به‌غدا حوكمی ساڵێك زیندانی به‌سه‌ردا ده‌درێت.

 

* له‌ ساڵی 1982دا له‌ رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان درێژه‌ به‌ تێكۆشانی سیاسی ده‌دات.

 

* له‌و رۆژگاره‌دا له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ناو شاردا به‌ ناوی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی شیعر و نووسینه‌كانی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

 

* له‌ گۆڤاره‌كانی شاخیش به‌ ناوی خوازراوی "هه‌تاو گه‌رمیانی، ژاڵه‌، به‌رده‌وام، ئاڵا" شیعر و نووسینه‌كانی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

 

* له‌ ساڵی 1984دا له‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی كه‌ركووك به‌شی ژمێریاری وه‌رده‌گیرێت و ساڵی 1987 ته‌واوی كردووه‌.

 

* له‌ ساڵی 1985دا یه‌كه‌مین كۆڕی شیعری له‌ هه‌ولێر و سلێمانی پێشكه‌ش كردووه‌.

 

* له‌ ساڵی 1991یش به‌شداری له‌ ڕاپه‌ڕیندا كردووه‌ و هه‌مان ساڵ له‌ كۆنگره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌بێته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد.

 

* له‌ ساڵی 1992دا له‌گه‌ڵ مسته‌فا گه‌رمیانی شاعیر و نووسه‌ر هاوسه‌رگیری كردووه‌.

ktv

* ساڵی 1993یش روو له‌ سوید ده‌كات و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت.

 

* ساڵی 1994 ده‌ست به‌ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانی كردووه‌، كه‌ چه‌ندان كتیبی شیعر و چیرۆك و لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕۆمان بوون و له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا له‌به‌ر سانسۆر رێی چاپكردنیان نه‌ده‌درا.

 

*له‌ ساڵی 1998دا به‌رنامه‌ی پانۆراما له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی میدیا ئاماده‌ و پێشكه‌ش كردووه‌.

 

* ساڵی 1999یش كچه‌ تاقانه‌كه‌ی "شاكار" له‌ دایك ده‌بێت.

 

* له‌ ساڵی 2001دا له‌گه‌ڵ دوو ژنی تردا شنه‌ هیدایه‌تی و مونیره‌ موفتیزاده‌، رێكخراوی پڕۆژه‌ی ژنی كورد داده‌مه‌زرێنن و داخوازینامه‌ی ژنی كورد به‌رهه‌م ده‌هێنن. له‌ ساڵی 2003دا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی سوید.

 

به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی:

 

به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی:

 

نه‌خشه‌ی دواڕۆژ- 1991 كوردستان- پانۆراما 1993 سوید. شاخ كێڵگه‌ی گه‌نمه‌شامییه‌- 1994 سوید. میدالیا- 1995 سوید. هاژه‌ی رۆح- 1997 كوردستان. باڵنده‌ به‌فره‌كان- به‌ زمانی سویدی- 1998 سوید. دیوانی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی- 2013 كوردستان.

 

ktv

رۆمان چیرۆك و بیره‌وه‌ری:

 

كۆچ- رۆمان- 1993 سوید. ئه‌ڤین ئاوی ژیانه‌- رۆمانه‌شیعر- 1996 سوید و كوردستان. مه‌رگی مرۆڤ و نیوێك- كورته‌ چیرۆك- 2004 كوردستان. ساڵێك له‌ دۆزه‌خ- بیره‌وه‌ری زیندان- 2005 كوردستان. چلچرا- بیره‌وه‌ری- 2006 كوردستان. زه‌نگدانه‌وه‌- رۆمان- 2007 كوردستان.

 

-له‌تێ پیاو- كورته‌چیرۆك- 2012 كوردستان. فاتیلا- رۆمان- 2017 كوردستان.

 

لێكۆڵینه‌وه‌:

 

له‌پێناوی ژیانه‌وه‌ی ئافره‌تدا- 1994 سوید. ئازادكردنی مێژوو- 2002 سوید و كوردستان. شه‌ره‌فنامه‌، شه‌رف كۆدێكه‌ بۆ كۆیله‌كردنی ژن- 2003 سوید و كوردستان. زمان و رامان و ناسنامه‌- 2005 كوردستان

 

-كاره‌ساتی ئه‌نفال، كاریگه‌رییه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی- 2003 سوید.

 

-ژن و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ قۆناغی باڵنده‌یی شێركۆ بێكه‌سدا- 2004 كوردستان.

 

- وشه‌باران- دیداری رۆژنامه‌وانی- 2011 كوردستان. له‌ فێمینیزمه‌وه‌ تا هیومانیزم- 2013 كوردستان. ئافره‌تیزم، مێژووی 100 ساڵ تێكۆشان بۆ مافی یه‌كسان له‌ باشووری كوردستان- 2018 كوردستان.

 

به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كانی: شیعر هه‌ناسه‌ی گه‌ردوونه‌- هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ شیعری هاوچه‌رخی جیهان- 1995 سوید. دانپێدانانێكی پیاوانه‌-

 

هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ چیرۆكه‌كانی د. نه‌وال سه‌عداوی- 1996 سوید. نانی ژه‌هراوی- شانۆنامه‌ له‌ نووسینی ڤیسیلین هانچێڤ- 1996 سوید.

 

جینۆساید- هۆلۆكۆست، كۆكوژی جووله‌كه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیای نازییه‌وه‌- نووسینی: ئارێل هوروتز- 2017 كوردستان.

 

-جینۆساید- كۆمه‌ڵكوژی له‌ خاكی هه‌زار گرددا- ڕواندا 1994- نووسینی بنیامین نیوبێرگه‌ر. 2018 كوردستان. جینۆساید- كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان، له‌ یادكراو و نكۆڵیلێكراو- نووسینی پرۆفیسۆر یایر ئاورۆن- 2018 كوردستان.

 

-جینۆساید- ڕامان له‌ وێنانه‌كراو، ڕووه‌ تیۆرییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ جینۆساید- نووسینی: یایر ئاورۆن- 2019 كوردستان.

كتێبی خوێندنه‌وه‌ بۆ فێربوونی قوتابیانی كورد له‌ سوید.

به‌رهه‌می له‌ بواری كتێبی په‌روه‌رده‌یی: گه‌رمیان، باوه‌گوڕگوڕ، دیلان.

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.