Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 20:31

وەزارەتی پەروەردە ڕاگه‌ێندراوێکی له‌باره‌ی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: رۆژی شەممە ، ڕێکەوتی ۱۰ ی ۱۰ ی ۲۰۲۰ ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی ، دەستخۆشیی و سوپاسمان هەیە بۆ ڕۆڵی مەزنی مامۆستایان ، جەخت دەکەینەوە لە :

۱ـ قۆناغی ۱ و ۲ ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان دەوام دەستپێدەکەن.

۲ـ لەو قوتابخانانەی کە لەگوندەکانن و هێڵی ئەنتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە ، کە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان وئیدارەکان دیارییان کردوون ، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان ، لە گشت ئاستەکان وقۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناو پۆل دەستپێدەکەن.

۳ـ قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی ، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی :

www.ewane.krd

قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی یەی کە لە قوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیان دەدرێت بەکاری دەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان ، لە هەمان کاتدا قوتابیانی ئەم قۆناغانە بە سێ رێگا دەتوانن لە پەیوەندی بن لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستایانیان :

یەکەم : کارگێری قوتابخانە خشتەیەک دادەنێن بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو قۆناغانە ( ۳ تا ۱۱) دیداری قوتابخانەیان هەبێت و بە گروپی (٥ تا ٦ )قوتابی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە ، لە قوتابخانە مامۆستای بابەت بەدواداچوون دەکات بۆ بەکارهێنانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و شرۆڤە کردنی هەر وانەیەک کە قوتابیان پێویستیان بێت لەبابەتەکانیان و پاڵپشتی زانستیان.

دووەم : لە ناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە پەیوەندی بن .

سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن کە لە ڕێگای هەر بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن ( گروپەکانی ڤایبەر ـ واتس ئاپ ـ تێلیگرام ) یان هەر بەرنامەیەکی دیکە لە پەیوەندی بن. کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی بە بەردەوامی وانەکانی قۆناغی ۳ ی بنەرەتیی تا ۱۱ ی ئامادەیی پەخش دەکات.

٤ـ قوتابخانە نێودەوڵەتییە ناحکومیەکان ، بۆ ئەو بابەتانەی پێویستیان بە ئامادەسازیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی هەیە دەتوانن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل تەنها بۆ ئەو قۆناغانە کاربکەن .

٥ـ قوتابخانە ناحکومییە لوکاڵیەکان هەمان رێنمایی قوتابخانە حکومییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

٦ـ قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی ۱۰ ی ئامادەیی ، پاش دیاریکردن و هەڵبژاردنی بەشەکانی ( زانستی ـ وێژەیی ـ پیشەیی ) دەست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەن ، ئەمەش لەماوەی هەفتەی یەکەم پێویستە لە قوتابخانەکان یەکلایی بکرێتەوە کە قوتابی چ بەشێکی هەڵبژاردووە.

۷ـ سەرپەرشتیاران رۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینن لە بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ئەو شێوازەی بۆ خوێندنی ناو پۆل و دیداری مامۆستایان لە گەڵ گروپی (٥ تا ٦ ) قوتابی هەیە.

٨ ـ وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە لەوەی کەئەو شێوازی دەوامکردنە و پشت بەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناغەدا بۆ سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و رودانی کەمترین بەریەککەوتن و نزیک بوونەوەیە ، لەگەڵ باشتر بوونی ڕەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی .

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

۹ی ۱۰ی ۲۰۲۰

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.