Erbil 38°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 04:16

فارس عیسا : سه‌رکه‌وتنی رێککه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌ سه‌ر پرسی شنگال کۆتایی به‌گروپه‌ نامۆکان دێنێت

فارس عیسا : سه‌ركه‌وتنی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌ سه‌ر پرسی شه‌نگال كۆتایی به‌گروپه‌ نامۆكان دێنێت
کوردستان TV
100%

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاسایی كردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق تایبه‌ت به‌ شنگال رایگه‌یاند

یه‌كێك له‌ ستراتیژه‌یه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم دانوستانه‌كانی له‌ گه‌ڵ به‌غدا له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ گه‌ڵ پێكهاتنی كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژ سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانی به‌غدای كرد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی كیشه‌وگرفته‌كانی نێوان هه‌ردوولا چاره‌سه‌ر بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین لێژنه‌ پێكهێنرا بۆ ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ تا ئێستا یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی پرسی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ دوێنێ رێككه‌ونێك واژوكرا له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی شنگال، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌ سه‌رفرازی بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ ، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ رووی پراكتیكیه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت و هه‌موو لایه‌ك و لێژنه‌كان كار بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ، كه‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بارودۆخێكی نه‌خوازراو دروست بوو بۆیه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ گرنگیه‌كی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ سه‌ر ناوچه‌كانی دیكه‌ش كه‌ ئاسایی ببنه‌وه‌ و كاری له‌ سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌ولیه‌تی كارو به‌رنامه‌ی كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ .

فارس عیسا رایگه‌یاند كه‌ شنگال ببوه‌ گۆره‌پانێكی ململانێی نێوده‌وڵه‌تی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ زوڵمێكی گه‌وره‌ی لێكرا له‌ ماوه‌ی رابردوو بۆیه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵی فه‌رمی و له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت و رێكاری ده‌ستووری په‌یڕه‌و بكرێت ، جه‌خت له‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی  ئیداری و ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری  بكرێته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی رێكاری یاسایی و ده‌ستووری .

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆته‌ هۆی گرنگیدان له‌ لایه‌ن وڵاتانی زلهێز وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و هه‌روه‌ها رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ئه‌مه‌ش مانای خۆی هه‌یه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ش عێراق ناتوانێت سه‌قامگیری به‌خۆوه‌ ببینێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و پرسه‌ هه‌ڵواسراوانه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا یه‌كلایی نه‌كرێنه‌وه‌ .

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و گروپه‌ كه‌سیانه‌ی كه‌ بوونیان هه‌یه‌ به‌ پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاسته‌نگ دروست بكه‌ن ، بۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی ئه‌و گروپانه‌ .

ئه‌و گروپ و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی شنگال ناكه‌ن. بۆیه‌ خه‌ڵكی شنگال له‌ ئاواره‌یی ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌یانویستووه‌ به‌ زه‌لیلی بژین .

به‌ پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ پێویسته‌ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ له‌ رووی ئیداری و ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری .

له‌ رووی ئیداری كه‌سایه‌تییه‌ك وه‌ك به‌رپرسی ناوچه‌كه‌ هه‌لبژیردرێت كه‌ ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو لایه‌نی له‌ سه‌ر بێت حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی ، دواتر له‌ رووی ئه‌منی ته‌نها پۆلیس و چه‌ند ده‌زگایه‌كی ئه‌منی ئه‌ركی پاراستنی ناوچه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆدا بێت ئه‌و هێزانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ نامۆن ده‌بێت ناوچه‌كه‌ جێبهێڵن و ده‌ست له‌ كاروباری ناوچه‌كه‌ وه‌رنه‌ده‌ن . له‌رووی خزمه‌تگوزاریشه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ده‌زانیین 80%ی شنگال رووخاوه‌ و پێویسته‌ بنیاد بنرێته‌وه‌ .

گه‌راندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی شنگال واتا گه‌راندنه‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێزیدیان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ ئاینده‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌لبژێرن له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق .

 

 

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.