شێخ شامۆ، رایگهیاند: ئەو رێككەوتنهی نێوان ھەرێم و بهغدا لەسەر شنگال بۆ ئێزدییەكان بابەتێكی چارەنووسسازە، چونكە تا گرووپە چەكدارەكان شنگال چۆڵ نەكەن، ئاسایش و ئارامیی بەرقەرار نابێت، پێویستە میلیشیا چەكدارەكان لە دەڤەری شنگال دووربكەونەوە.
شێخ شامۆ راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگهیاند: شنگال وەك دەڤەرێكی گرێدراو بە ماددەی 140ـەوە، گرنگە ببێتە نموونەیەكی دەستپێكی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ تەواوی ناوچەكانی ماددەی 140 و ئاساییكردنەوەی رەوشەكە، چونكە ئەم رێككەوتنە دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال و گەڕانەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەكە.
شێخ شامۆ گوتیشی: پێویستە میلیشیا چەكدارەكان لە دەڤەری شنگال دووربكەونەوە و دۆسیەی ئەمنی بكەوێتە دەست پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
له بارهی دانانی قایمقامیش بۆ شنگال، شێخ شامۆ گوتی: بۆ دانانی قایمقامێك ھەماھەنگی لەنێوان نەینەوا و ھەرێمی كوردستاندا دەبێت، چونكە دەورووبەری نەینەوا ھاوپەیمانی كوردستانییە و، پۆستی قایمقامی شنگالیش مافی كوردە، لە ھەموویشی گرنگتر كە دەستوەردانی دەرەكی لە شنگال نەمینێت و دۆخەكە ئارامببێتەوە.
له كۆتاییدا شێخ شامۆ گوتی: هیوادهخوازم گرووپەكانی شنگال رێز لەو رێككەوتنە بگرن و ئەوە بابەتێكی دەستوورییە و پێویستە ھەموو لایەك رێز لەو رێككەوتنە بگرن.
شایهنی باسه ئهم رێككهوتنهش دوای ئهوه دێت، دوێنی ههینی 9ی ئۆكتۆبهر ساڵی 2020، شاندی دانوستانی نێوان ههرێمی كوردستان بهسهرۆكایهتی رێبهر ئهحمهد وهزیری ناوخۆی ههرێمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، سهردانی بهغدایان كرد و لهسهر ئاساییكردنهوهی دۆخی شنگال ڕێككهوتن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.