یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ كۆچی دوایی مهاباد قەرەداخی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكردهوه رایگهیاند: بە ژیانئاوایی زیانێکی گەورە بەر خەباتی سەخت و پڕ ئاستەنگی یەکسانی جێندەری و ڕزگاری نەتەوەییمان کەوت.
لە کاتێکدا خەمبار و دڵتەنگین بە کۆچی یەکجاری ناوەخت و ناخهەژێنی هەڤاڵ و هاوبیرمان گەورە نووسەر و شاعیری هەست بەرز و جوان مهاباد قەرەداخی؛ مایەی بێزاری و توڕەییمانە کە کۆچکردووی ئازیزمان دوای مەرگی کەوتوەتە بەر هێرشێکی ناڕەوا و بە تۆمەتی بێ بنەما و بوهتان و چەواشەکاری و بە کەوتنە دوای شەپۆلی ئیرهابی فیکری کە ناوبەناو هەرچی ڕەمزە جوان و هێما گەشاوە و دیارەکانمان هەیە دەکاتە ئامانج و هەرچی پیرۆزی و بەهای بەرزی مرۆڤانەیە فەرامۆش دەکا.
ئێمە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە هەموو ئەو بوهتانانەی لە چوارچێوەی قسە گوتن بە پیرۆزییەکان دەدرێنە پاڵ کۆچکردوو هەڵبەستراون و هیچ کەس لە زاری خۆیەوە گوێی لەو قسانە نەبووە، بەشێکی شەپۆلەکە ئاڕاستە ئەکا و بەشێکیش بەداخەوە بێ وردبوونەوە و بەدواداچوون کەوتوەتە دوای قەرەباڵخی.
مهاباد قەرەداخی نووسەرێکی دیار و پڕ بەرهەم، توێژەرێکی پیشەیی، شاعیرێکی هەست بەرز و مرۆڤدۆست بوو؛ لە سەردەمی ڕژێمی بەعس بەرەنگاری و سەرکێشی هەڵبژارد و دواتریش ڕاشکاوی و ڕچەشکێنی و نیشتمان پەروەرییەکی نەبەردانە و سەرسەختانە.
هەر ئەو ئازایەتی و سەرکەشییە پاڵنەر بووە لەوەی بوارێکی وا هەڵبژێرێ بۆ کارکردن کە دەسکاری نۆرمە باوەکان و نەریتە نەشکاوەکان بکات و زەنگی هۆشیاربوونەوە و پێشکەوتن لێبدات.
هەر ئەوەش پاڵنەر بووە لەوەی ڕێی سەختی سەربەخۆیی نەتەوەیی و ڕزگاری نیشتمانی و ڕێبازی حەق هەڵبژێرێت بۆ داکۆکیکردن لە پرەنسیبە باڵاکانی نەتەوەخوازی.
ئەمە لە کاتێکدا ئەوەی خوێنەری بەرهەمەکانی مهاباد قەرەداخی بێ گەواهی بەپرەنسبی و ئاست بەرزی و جوانبێژی بۆ دەدات کە هیچکات توندوتیژی و ڕق ڕژاندن و دەستبردن بۆ پیرۆزی هیچ پەیڕەوانێکی ئاینی بەشێک نەبووە لە ڕا و دەربڕینەکانی.
ئێمە هیوادارین کۆتایی بەو هێرشە ناڕەوا و پڕچەواشەکارییە بێت و هەموومان وەک هاونەتەوە و هاونیشتمانی هیچ نەبێ لەو ڕەمزانەی کە ڕۆژانێک بۆ ئازادی ئێمە ئازاریان چەشتوە و ئەشکەنجە دراون یەکبگرین و بە گوڵ و وشە جوانەکانی نێو فەرهەنگی زمانەوانیمان ڕێز بنوێنین و ناسۆر دەرببڕین بۆ لە دەستدانی خانمێکی بەرزەفڕ و نوسەرێکی ئازاد و خەباتکارێکی پرسی ئافرەت و یەکسانی جێندەری، کە بێگومان بە ژیانئاوایی زیانێکی گەورە بەر خەباتی سەخت و پڕ ئاستەنگی یەکسانی جێندەری و ڕزگاری نەتەوەییمان کەوت.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.