Erbil 38°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 16:08

حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران ده‌کات

کوردستان TV
100%

ئه‌ندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌ێنێت ئەگەر دەنگ بدرێت لەسەر پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز كە حكوومەتی عێراق رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە، ئەوا مووچەی چوار مانگی داهاتووی ئەمساڵی فەرمانبەران دەستەبەر دەبێت.


ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد سەفار رایگەیاند، بە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایەی كە حكوومەت بە ئامانجی وەرگرتنی قەزر بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بوودجە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە، ئەوا بوودجەی چوار مانگی ئەمساڵ دابین دەكرێت و ئاماژە بەوەیش دەكات کە ئەگەر دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بدرێت، ئەوا مووچەی چوار مانگی داهاتووی ئەمساڵی فەرمانبەران دەستەبەر دەبێت.

ئەحمەد سەفار ده‌شڵێت حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز بە ئامانجی چارەسەركردنی كورتهێنانی بوودجە، بۆ چوار مانگی داهاتووی ئەمساڵ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە و گوتی:

بە ەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە، حكوومەت دەتوانێت بوودجەی چوار مانگی ئەمساڵ دابین بكات، چونكە خەرجی و قەرزەكانی مانگەكانی رابردوو لەگەڵ خەمڵاندنەكانی بۆ چوار مانگی كۆتایی ئەمساڵ لەخۆدەگرێت.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد سەفار سەبارەت بە كورتهێنانی بوودجە ئەوەی خستووەتەڕوو كە لە پڕۆژەیاساكەدا ئاماژە بەوەدراوە، 41 تریلیۆن دینار كورتهێنان لە بوودجەدا هەیە، بەڵام ئەو كورتهێنانە تەنها چوار مانگی ئەمساڵ ناگرێتەوە، بەڵكو قەرزەكانی پێشووی تیایدا كە گواستراوەتەوە بۆ بوودجەی چوار مانگی ئەمساڵ بەتایبەتیش ئەوەی كە پەیوەستە بە گرێبەستەكانی نەوت، قەرەبووكردنەوەی كوێت لەگەڵ قەرزەكانی دیكە.

ئەحمەد سەفار باسی لەوەشكردووە كە لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ ئەم پڕۆەیاسادا نابێت، ئەگەر حكوومەتی فیدرال پاكێجی چاكسازیی پێشكەش نەكات و جەختیكردووەتەوە كە وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە كە بە چەند قۆناغێك، پاكێجی چاكسازیی پێشكەش بكات.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد سەفار سەبارەت بە لێكەوتەكانی وەرگرتنی قەرز گوتی: هەر كاتێك قەرز زیاد بكات، ئەوا كاریگەریی لەسەر قەبارەی یەدەگی نەختینە لە بانكی ناوەندی دەبێت كە ئەوەیش كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی دارایی و بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیكە دروست دەكات.

ئەحمەد سەفار سەبارەت بە دەستەبەركردنی مووچەی فەرمانبەران رایگەیاند، ئەگەر دەنگ بدرێت لەسەر پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز كە حكوومەتی عێراق رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە، ئەوا مووچەی چوار مانگی داهاتووی ئەمساڵی فەرمانبەران دەستەبەر دەبێت و جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە جگە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەزر هیچ چارەسەریەكی دیكە نییە، بەڵام بەو مەرجەی حكوومەتی فیدرال پاكێجی چاكسازی پێشكەش بكات كە تا ئێستا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەكراوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.