Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 01:21

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف : له‌مه‌ودوا ده‌مانه‌وێت دیزایین و نه‌خشه‌سازی مزگه‌وته‌کان مۆرکی کورده‌واری تیادا ره‌نگبداته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگاری هه‌ولێر فه‌رسه‌ت سۆفی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی و ژماره‌یه‌ك مامۆستایانی ئایینی له‌ رێوره‌سمێكدا نه‌خشه‌سازیی نوێی دروستكردنی مزگه‌وتی له‌ ھه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند دیزاینێك پێشكه‌ش كرابوو و دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ بابه‌تێكی نه‌خشه‌سازیی نوێ ھه‌ڵبژێردرا.

سێ نه‌خشه‌سازیی ھه‌ڵبژێردراوه‌ كه‌ مۆركی كورده‌واری له‌سه‌ر نه‌خشه‌سازیی و دیزایینی مزگه‌وته‌كان ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و له‌كاتی دروستكردن یان نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا، یه‌كێك له‌و سێ دیزایین و نه‌خشه‌سازییه‌ ھه‌ڵده‌بژێردرێت.

فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری ھه‌ولێر، تیشكی خسته‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان و رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌مه‌ودوا مامۆستایانی ئایینی زیاتر پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن، چونكه‌ ده‌رگای مزگه‌وته‌كان كراوه‌ته‌وه‌ و سوپاسی مامۆستایانی ئایینیشی كرد كه‌ له‌ میانی كه‌ره‌نتیندا رۆڵێكی باشیان بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و پاڵپشتی خۆیشی بۆ مامۆستایانی ئایینی دووپاتكرده‌وه‌.

دواتر پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌م دیزاینه‌ نوێیه‌ ده‌توانێت مۆركی كورده‌واری تیاییدا ره‌نگبداته‌وه‌ و گوتی: له‌مه‌ودوا ده‌مانه‌وێت دیزایین و نه‌خشه‌سازیی مزگه‌وته‌كان مۆركی كورده‌واری تیادا ره‌نگبداته‌وه‌ و له‌ نه‌خشه‌سازیی ھیچ وڵاتێكی دیكه‌ نه‌چێت، چونكه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیش وایه‌ دیزایین و نه‌خشه‌سازییه‌كان له‌یه‌كتر نزیكن.

پشتیوان سادق گوتیشی: له‌مه‌ودوا بڕیاری نوێ ده‌رچووه‌ تایبه‌ت به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و دروستكردنی مزگه‌وت و ره‌چاوی مه‌ودای نێوان دوو مزگه‌وت كراوه‌ و رووبه‌ری مزگه‌وته‌كانیش به‌پێی بڕیاری نوێ فراوانتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌چاوی شوێنی ئافره‌تان كراوه‌ كه‌ پێشتر ئه‌وه‌ نه‌بوو، دیزایینه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ له‌گه‌ڵ چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ناو مزگه‌وت موسڵمانان ھه‌ست به‌ بۆنێكی خۆشی گوڵ و گوڵزار بكه‌ن و سیمایه‌كی جوانتر به‌ مزگه‌وت ده‌به‌خشێت.

نه‌خشه‌سازییه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ گومبه‌زی مزگه‌وته‌كه‌ له‌ شێوه‌ی كڵاو و جه‌مه‌دانی كورده‌واری ده‌چێت و مناره‌ی مزگه‌وته‌كانیش به‌ دیزاین و شێوازێكی تازه‌وه‌ دروست ده‌كرێن، ھه‌روه‌ھا شێوازی ناوه‌وه‌ی نزیك ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و خشت و دیزاینه‌ی كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ خانووه‌كانی قه‌ڵای ھه‌ولێر به‌كارھاتووه‌.

له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا، سێ ئه‌ندازیاری بیناسازی كه‌ دیزایین و نه‌خشه‌كانیان كێشاوه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاری ھه‌ولێر، فرسه‌ت سۆفی و وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی خه‌ڵاتكران.

به‌پێی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ نه‌خشه‌ی تازه‌ی مزگه‌وت، سێ نه‌خشه‌ ده‌ستنیشان كراون بۆ دروستكردنی مزگه‌وتی تازه‌، یان دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌یان له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان و له‌نێوان ئه‌و سێ نه‌خشه‌ و دیزایینه‌دا به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی و مۆركی كورده‌واری یه‌كێكیان ھه‌ڵده‌بژێردرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.