سەرۆك بارزانی ، پاڵپشتیی خۆی بۆ حكوومەتەكەی مستەفا كازمی و ڕێككەوتنی شنگال دووپات كردەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ئەو تەحەددیاتە نەمێنن كە ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان .
ڕۆژی چوارشەممە 14ـی تشرینی یەكەمی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤێن هیكس ،باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ژیانی گشتیی لە هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر مەترسییەكانی تیرۆر و ئەو تەحەددیاتەی ڕووبەڕووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبنەوە.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەستخۆشی لە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كرد كە لەنێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەستراوە و هیوای ئەوەی خواست ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت. پەیوەست بەم بابەتەوە سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ حكوومەتەكەی مستەفا كازمی و ڕێككەوتنی شنگال دووپات كردەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ئەو تەحەددیاتە نەمێنن كە ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان.
هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.