12 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر پشكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، داوایان كرد سه‌رجه‌م هێزه‌كانی سه‌ربه پارته‌كان و گرووپه چه‌كدارییه‌كان له پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین ده‌ربكرێن.
هه‌ڵوێستی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه دوای ئه‌وه دێت كه دوێنێ شه‌ممه، فه‌رمانده‌یی پۆلیسی سه‌ڵاحه‌ددین رایگه‌یاندبوو كه 12 هاووڵاتیی نیشته‌جێی ناحیه‌ی فه‌رحاتییه سه‌ربه قه‌زای به‌له‌د له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه رفێندراون و دواتر كوژراون و ته‌رمه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی سه‌ڵاحه‌ددین-ه‌وه دۆزراونه‌ته‌وه.
پێشتر ناوه‌ندی عێراقی بۆ به به‌ڵگه‌كردنی تاوانه‌كانی جه‌نگ كه ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆیه، چه‌كدارانی گرووپی عه‌سائیب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق به كوشتنی 12 كه‌سه‌كه تۆمه‌تبار كردبوو.
لای خۆیه‌وه گرووپی عه‌سائیب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی ره‌تیكرده‌وه كه له كوشتنی 12 كه‌سه‌كه تێوه‌گلا بێت.
له‌مباره‌یه‌وه دوانزه ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر پشكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین به هاوبه‌شی راگه‌ندراوێكیان سه‌باره‌ت به رووداوی كوشتنی 12 كه‌سه‌كه‌ی دانیشتوی ناحیه‌ی فه‌رحاتییه بڵاو كردۆته‌وه‌و كه تیایدا هاتووه :ده‌ركردنی ئه‌و هێز و گرووپه چه‌كدارانه‌ی كه هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ببسته‌وه له پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، بووه‌ته ناچاری و ده‌بێت دۆسیه‌ی ئه‌منی له سه‌ڵاحه‌ددین ته‌نها له‌ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كاندا بێت.
شایانی باسه ژماره‌یه‌ك گرووپی حه‌شدی شه‌عبی له‌وانه سه‌رایا سه‌لام سه‌ربه ره‌وتی سه‌در و عه‌سائیب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق به‌سه‌رۆكایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی و گرووپه‌كانی دیكه دۆسیه‌ی ئه‌منی له ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین به‌ڕێوه‌ده‌بن.
پێشتر عه‌ممار جه‌بر پارێزگاری سه‌ڵاحه‌ددین، له لێدوانێكدا رایگه‌یاندبوو، ژماره‌یه‌ك كه‌س كه جلوبه‌رگی سه‌ربازیان پۆشیبوو، ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامداوه و باسی له‌وه‌شكردبوو كه له‌و 12 كه‌سی كه كوژراون، هه‌شتیان پۆلیسن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.