به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌یانه‌وه و نه‌شیاوی بۆ به‌كارهێنان، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر بۆیه‌ی ره‌نگكردنی قژی خانماندا ده‌گرن.
به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی ئارایشتگاكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، ئاراسته‌ی لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌ت كراوه رایگه‌یاندوه: به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌یانه‌وه و نه‌شیاوی بۆبه‌كارهێنان، لیژنه‌كه ده‌ستی به‌سه‌ر زیاتر له (150) پارچه بۆیه‌ی ره‌نگكردنی قژی خانمان له‌جۆری (KEUNE)دا له كۆگاكانی فرۆشتنی جوانكاری خانمان له‌شاری سلێمانی گرتوه.
به‌پێی رێنماییه ته‌ندروستیه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و جوانكاریانه پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كه‌یان مادده‌كیمیاییه‌كانه، له‌كاتی به‌سه‌رچونیدا مادده‌كانی ده‌گۆڕیت بۆ پێكهاته‌ی زیان به‌خش و زیان به پێست و ته‌ندروستی به‌كارهێنه‌ره‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
لیژنه‌ی ئارایشتگای قائیمقامیه‌تی سلێمانی داوا له‌خانمان ده‌كات: له‌كاتی كڕین وبه‌كارهێنانی مادده جوانكارییه‌كاندا، به‌وردی سه‌رنج له به‌رواری دروستكردن و ماوه‌ی به‌سه‌رچونی بده‌ن، پاشان به‌كاریبهێنن، له‌هه‌رشوێنێكیش كاڵاوشمه‌كی ماوه‌به‌سه‌رچویان بینی له‌ڕێی (07708677777) په‌یوه‌ندی به‌لیژنه هاوبه‌شكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه بكه‌ن.
به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنی سه‌ربه‌لیژنه هاوبه‌شه‌كانه‌وه ته‌واوی بۆیه‌كانی ره‌نگكردنی قژی خانمان له‌ناوده‌برێت و ئه‌و شوێنانه‌شی بۆیه‌كانی تیادا گیراوه خاوه‌نه‌كانیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه.
دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.