ته‌سبیح، له كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌كو كهلتوڕێكی كۆن تا ئه‌مڕۆ به‌كار ده‌هێندرێت و له‌لایه‌ن كه‌سانی گه‌نج و پیره‌وه به‌رده‌وام خواستی له‌سه‌ره.
ته‌سبیح به‌ر له زایین
مێژووی ته‌سبیح ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می پێش زایین. سه‌رچاوه مێژووییه‌كان باس لهوهدهكهن كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاتێك راوچییه‌كان ئاژه‌ڵێكیان راودهكرد، ددانه‌كانیان به په‌ت ریز ده‌كرد و شاخهكانیشیان له‌گه‌ڵ داده‌نا و له‌ملیان ده‌كرد. لای ئه‌و كه‌سانه له‌ملكردنی ئه‌م جۆره ته‌سبیحه واتای ئه‌وه‌ی ده‌دا كه ئه‌وان به‌هێزن و ده‌توانن راوی ئاژه‌ڵی كێوی زیاتر بكه‌ن.
دواتر بیرۆكه‌كه گۆڕا و هه‌ر له سه‌رده‌می پێش زایین، وابیر ده‌كرایه‌وه كه دووریان ده‌كات له كێشه و مردن. به‌و مه‌به‌سته به‌رده‌وام گرنگییان به درووستكردنی ئه‌و ته‌سبیحانه ده‌دا و به‌رده‌وام وه‌كو ملوانكه له ملیان ده‌كرد یاخود وه‌كو ده‌ستبه‌ند له ده‌ستیان ده‌كرد.
ته‌سبیح له ئاینه‌كانی هیندستاندا
له رابردوودا به‌كارهێنانی ته‌سبیح له ئاینه جیاوازه‌كانی هیندستان باوبوو. هه‌رچه‌نده ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی مرۆڤه‌كانی پێش زایین، به هه‌مان كه‌ره‌سته‌كان ته‌سبیحیان دروست ده‌كرد و به‌كاریان ده‌هێنا، به‌ڵام ئه‌وان به جۆرێكی دیكه بڕوایان پێ هه‌بوو و له په‌رستشه‌كانیاندا ته‌سبیحی جۆراوجۆریان به‌كار ده‌هێنا. دواتر به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی وڵاتی هیندستان له به‌ردی به نرخ و ره‌نگی جیاواز، ته‌سبیحیان به به‌ردی سروشتی جۆراوجۆر دروست ده‌كرد.
ته‌سبیح له سه‌رده‌می مه‌سیحییه‌تدا
كاتێك سه‌یری سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ده‌كه‌ین ده‌بینین كه ته‌سبیح له ئاینی مه‌سیحیشدا به‌كار هاتووه. ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه ته‌سبیح كه‌لتوورێكی جیهانییه. مه‌سیحییه‌كان به تایبه‌تی كاسۆلۆكییهكان به‌رده‌وام ته‌سبیحیان به‌كار ده‌هێنا. چه‌ند نزایه‌كی تایبه‌تیان هه‌بوو كه به ته‌سبیح ده‌یانخوێنده‌وه. نزایه‌كه به “سڵاو له تۆ ئه‌ی خۆشه‌ویسترین به‌نده‌ی خودا مه‌ریه‌م…” ده‌ستی پێده‌كرد و ١٠ جار ئه‌و نزایه‌یان دووباره ده‌كرده‌وه. بۆ ژماردنی نزاكان ته‌سبیحیان به‌كار ده‌هێنا. هه‌روه‌ها بڕوایان وابوو كه به‌كارهێنانی ته‌سبیح له كاتی نزا كردن‌دا ده‌بێته هۆی زووتر قبوڵ بوونی نزاكه.
ته‌سبیح له‌جیهانی ئیسلامی‌دا
ته‌سبیح له‌لای موسڵمانان پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. هه‌رچه‌نده ته‌سبیح له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د درودی خودای له‌سه‌ر بێت، به‌كار نه‌هاتووه، به‌ڵام موسڵمانان به گشتی ته‌سبیح به‌كار ده‌هێنن. پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له دوای هه‌موو نوێژه‌كان زیكری ئه‌نجام ده‌دا ئه‌و زیكرانه وه‌كو سوننه‌تێكی ئه‌و تا ئێستاش نوێژخوێنه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌واوی زیكره‌كان به په‌نجه‌كانی ده‌ست هه‌ژمار ده‌كران. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی وه‌كو زیكر ده‌وتران پێویست بوو ٣٣ جار دووباره بكرێته‌وه، ژماردنی هه‌ندێكجار هه‌ڵه‌ی تێده‌كه‌وت. به‌م هۆیه‌وه له‌سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كری سدیق، هاوه‌ڵی پێغه‌مبه‌ر و یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ی موسڵمانان ره‌زای خودای له‌سه‌ر بێت، به‌كارهێنانی ته‌سبیح داهێندرا.
له سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كردا ته‌سبیحیان له ناوكی خورما دروست ده‌كرد و بۆ زیكره‌كانی دوای نوێژ به‌كاریان ده‌هێنا. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه ته‌سبیح بووه یه‌كێك له باوترین كه‌لتووره‌كانی جیهانی ئیسلامی. له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا گه‌نج و پیره‌كان به گشتی گرنگی به ته‌سبیح ده‌ده‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له ئێستادا ته‌سبیح جگه له زیكر كردن، وه‌كو كه‌لوپه‌لێكی جوانكاری ده‌ستی پیاوانیش به‌كار ده‌هێندرێت.
شێوازه‌كانی ته‌سبیح
له سه‌رده‌می ئێستادا ته‌سبیح له‌رووی ستایل و مادده‌وه جیاواز له سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كری سدیق دروست ده‌كرێت، به‌ڵام له‌رووی ژماره‌ی دهنكهكانیهوه هه‌مان ژماره‌ن. ئه‌گه‌ر زیاتر روونی بكه‌ینه‌وه، وه‌ك باسمان كرد ته‌سبیح له سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كردا به ناوكی خورما دروست ده‌كرا. به‌ڵام ئێستا له زیو و به‌ردی گرانبه‌ها، شاخی ئاژه‌ڵ، دار، به‌روبوومی رووه‌كی وه‌ك قه‌زوان و شوشه و پلاستیكی ده‌ستكرد دروست ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری پێكهاته‌ی ته‌سبیح بكه‌ین له‌رووی شێوه‌وه ده‌بینین له ٣ به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت؛ ئیمام، ده‌نكه‌كان، ناوبڕهكان یاخود جیاكه‌ره‌وه‌كان. هه‌رچی به‌شه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی ته‌سبیحه كه داده‌ندرێت ته‌نها به مه‌به‌ستی جوانكاری تهسبیحهكهیه.
ته‌سبیح له جیهانی ئیسلامی‌دا ٣ جۆری هه‌یه باوترینیان ئه‌و جۆره‌ن كه له ٩٩ ده‌نك پێكهاتوون. جۆری دووه‌میان ته‌سبیحی ٣٣ دهنكیه. جۆری سێیه‌م كه كه‌متر به‌كاردێت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی دیكه له ١١ ده‌نك پێكدێت و تاك ئاراسته‌یه. واته به شێوه‌ی بازنه‌یی نییه.
ته‌سبیحی ٩٩ ده‌نكی دوو ناوبڕ یاخود جیاكه‌ره‌وه‌ی تێدایه كه ته‌سبیحه‌كه به‌سه‌ر ٣ به‌شی ٣٣ دهنكیدا دابه‌ش ده‌كات. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه كه نوێژخوێنه‌كان بتوانن به ئاسانی له‌دوای نوێژ زیكره ٣٣ییهكانیان بكه‌ن و ژماره‌ی زیكره‌كه به ته‌واوی بژمێرن.
هه‌رچی ته‌سبیحی ٣٣ ده‌نكی و ١١ دهنكیشه له‌سه‌ر هه‌مان شێواز داهێندراوه كه گونجاو بێت بۆ زیكره‌كان، به‌ڵام زیاتر به ستایل و به‌ردی جیاواز دروست ده‌كرێت و وه‌كو جوانكاری له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه به‌كار ده‌هێندرێت.
نرخی ته‌سبیح
ئه‌گه‌ر سه‌یری نرخی ته‌سبیح بكه‌ین ده‌بینین كه له نێوان چه‌ند سه‌نتێكه‌وه تا هه‌زاران دۆلار ده‌گۆڕێت. له ئێستادا گه‌وره‌ترین وڵاتی به‌رهه‌مهێنی ته‌سبیح وڵاتی چینه. وڵاتی چین ساڵانه به ملیۆنان ته‌سبیحی پلاستیكی و شوشه‌یی دروست ده‌كات و هه‌نارده‌ی سعوودیه‌ی ده‌كات. له سعوودیه حاجی و عومره‌كاران به مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی وه‌كو دیاری ده‌یبه‌نه وڵاتی خۆیان. نرخی ئه‌و ته‌سبیحانه له چه‌ند سه‌نتێك تێناپه‌ڕێت.
هه‌روه‌ها سعوودیه یه‌كێكه له به‌رهه‌مهێنه‌كانی ته‌سبیح. به‌هه‌مان شێوه بۆ دیاری له‌لایه‌ن حاجییانه‌وه ده‌برێته وڵاتانی خۆیان. به‌ڵام به‌هۆی باشی كوالیتی ته‌سبیحه‌كانه‌وه نرخه‌كانیان له نێوان دۆلارێك بۆ ٢٠ دۆلار ده‌گۆڕێت.
یه‌كێكی دیكه له گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌كانی ته‌سبیح له جیهان، وڵاتی توركیایه. توركیا له دروستكردنی ته‌سبیح به به‌ردی سروشتی ناوبانگێكی گه‌وره‌ی هه‌یه. شێوازی ته‌سبیحه‌كانی توركیا زیاتر له ته‌سبیحی ٣٣ ده‌نكی پێكهاتووه و زۆر جار له‌سه‌ر راسپارده‌ی تایبه‌ت دروست ده‌كرێن. نرخی ته‌سبیحه‌كانیان له نێوان ٥ دۆلار تا ٣ هه‌زار دۆلار ده‌گۆڕێت.
ته‌سبیحی تایبه‌تیش كه له‌لایه‌ن وڵاتانی وه‌ك توركیا، ئێران، ئیماڕات، هیندستان، ئیتاڵیا… هتد، دروست ده‌كرێت نرخه‌كانیان ده‌گاته سه‌دان هه‌زار دۆلار. ئه‌و ته‌سبیحانه له زێر، ئه‌ڵماس و یاقوت دروست ده‌كرێن.
هه‌ندێكجار نرخی تهسبیحهكان به‌پێی ته‌مه‌نیان ده‌گۆڕێت و ئه‌و ته‌سبیحانه‌ی كه ته‌مه‌نیان سه‌رووی ٥٠ ساڵه و له به‌ردێكی به نرخ دروست كراون نرخه‌كانیان ده‌گاته هه‌مان نرخی ئۆتۆمبێڵێكی گرانبه‌ها یاخود خانوویه‌ك. ئه‌م جۆره تهسبیحانهش به زۆری له‌لایه‌ن ئیماڕاتی و قهتهڕییهكانهوه ده‌كڕدرێن.
ئاماده‌كردن: عه‌لی عه‌نته‌ر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.