رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/١٠/٢١ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەربارەت بە بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی درەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
نووسینگهی راگهیاندنى جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق بڵاوی كردهوه كه لە کۆبوونەوەکەدا، کە جوان رۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و د.ناسر هەرکی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، محەممەدئەمین فارس جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئادوێری و شێروان دوبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بوون، باس لە بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا و راگرتنی هەوڵە بەردەوامەکانی تەعریب کردن لەو ناوچانە کرا.
راشیدهگهیهنن كه لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد گوێ بیستی گوتەی ئامادەبووان بوو لەبارەی کاروچالاکی لیژنە تایبەتییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی پەرلەمانی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەردوامی هاوکاری و هەمانگی زیاتر لە نێوان لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەو ناوچانە و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و بەرچاو روونی زیاتر بۆ بەدواداچوونی کارەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەشی بەوەدا کە رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگال رێککەوتنێکی زۆر گرنگه و هیواشی خواست ئەو رێککەوتنە ببێتە سەرەتایەک بۆ رێککەوتنی باشتر لە بارەی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت کەرکووک و دیاله و سەلاحەدین و نەینەوا، چونکە ئەو رێککەتنە هاوکار دەبێت بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ناوچەکە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
حەداد ئاماژەشی بە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەکان کرد لە نێوان لیژنە تایبەتمەندییەکانی هەردوولا و بڕیاریش درا لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی فراوانتر ئەنجام بدرێت له بەغدا بۆ گەنگەشەکردنی زیاتری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
دارشتنهوهى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.