لهراگهیاندراوێكدا وهزارهتى شارهوانی و گهشت و گوزاری ههرێمی كوردستان روونكردنهوهیهكی لهبارهی پیس كردن و خاوێنكردنهوهی تونێلی پیرمام بڵاو كردهو ه
شارهوانی رایدهگهێنێت كه دوای ئەوەی لە چەند پەیج و ئەكاونتێكی فەیسبووك و ماڵپەڕیكدا، چەند وێنەیەكی تونێلی پیرمام بڵاوكرانەوە، وەك لە وێنەكاندا دیارە تونێلەكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە خاشاکی لێ فڕێدراوە و بەشێوەیەكی ناشارستانییانە پیسكراوە، ئەمەش جاری یەكەم نییە و چەند جارێكی دیكەش ئەو دیاردەیە روویداوە و تیمەكانی خاوێنكردنەوە بە ئەركی خۆیان هەڵستاون، ئەمجارەش دەستبەجێ تیمەكانی خاوێنكردنەوە لەو بابەتە ئاگادار كراونەتەوە و هەر ئەمڕۆش تونێلەكەیان خاوێنكردەوە، سەرەڕای ئەوەی شوێنەكە لەبەر چڕی هاتوچۆ مەترسیدارە.
ئاماژه بهوهش دهكهن كه لێرەوە بۆ هەموو لایەك، بە تایبەتی هاووڵاتییانی خۆشەویست و ئەو پەیج و ماڵپەڕە بەڕێزانەی وێنەكانیان پۆست كرد، هەروەها بۆ خەڵكانی دڵسۆز و ژینگەدۆستانی كوردستانیش رایدەگەیەنین، کە داواکارین و هیوادارین هاووڵاتییانی خۆشەویست لە کاتی بەکارهێنانی تونێلی پیرمام و تونێلەكانی تردا، بە تایبەتی لەکاتی گەڕانەوەیان لە گەشت و سەیران، خاشاک و پاشماوە فڕێ نەدەنە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان و ناو تونێلەکە پیس نەکرێت. وێڕای ئەوەی تیمەكانی شارەوانی و خاوێنكردنەوە، بە ئەركی خۆیانی دەزانن تونێلەلەكان خاوێن بكەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێی مەترسییە و تاکوو بە پاکی ڕابگیرێت باشترە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین هاوكار بن و تونێلەكە پیس نەکەنەوە.
راشیگهیاندووه كه بەشێوەیەکی گشتی تونێلەکان، شوێنێکی مەترسیدارن و خاوێنكردنەوەیان ئەگەر زۆر بە وریایی و خۆپارێزییەوە نەبێت، رەنگە ببێتە هۆی رووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی كارمەندانی شارەوانی و تیمەكانی خاوێنكردنەوە و تەنانەت هاووڵاتییانیشی لێبكەوێتەوە، بۆیە داوای هاوکاری لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین رەچاوی پاكوخاوێنی تونێلەكان بكەن.
دارشتنهوهى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.