پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥/١٠/٢٠٢٠ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز هانس ئاکەربووم، کونسولى گشتیى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و هۆڵەندا و برەودان بە بوارەکانى هاریکاریى نێوان هەردوولا، هاریکاریى کەرتى تایبەتى هۆڵەندى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵیدا، ئامادەیى و چالاکیى ڕەوەندى کوردستان لە هۆڵەندا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر، پەتاى کۆڤید_١٩ و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تاوتوێ کرا.
نێچیرڤان بارزانى خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هۆڵەندا دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵى و خوێندنى زانکۆییى ئەو بوارەدا، دەتوانێت سوود لە ئەزموونى سەرکەوتووى هۆڵەندا بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵ ببینێت و دەرفەت و زەمینەیەکى باشى پێشخستنى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان هەیە کە دەکرێت کەرتى تایبەتى هۆڵەندى سەرمایەگوزارى تێدا بکات.
لاى خۆیەوە کونسولى گشتیى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان وێڕاى دهربڕینی خۆشحاڵى بە کارى هاوبەش و هاریکاریى لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاکاندا، باسى لە هاریکاریى کەرتى گشتى و تایبەتى هۆڵەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵیدا کرد و هەموو پشتگیرییەکى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.
هاوکارى و هەماهەنگیى هۆڵەندا لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى جێبەجێکردنى چاکسازى و مەشق و ڕاهێنانى پێشمەرگەدا، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پێشهاتەکانى شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.