دۆزینەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی دایکانی ئێزدی لە گوندی کۆجۆ برینی جینۆسایدی ئێزدییەکانی لە دڵی کوردستان هێنایەوە سۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە بێدەنگییان هەڵبژارد و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیان بە تیرۆریست و مرۆڤکوژ نەناساند دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی.
گەلی کوردستان یەکێکە لەو گەلانەی کە زۆرترین تاوانی بەرامبەر کراوە زۆرترین ئاسەواری تاوان و کۆمەڵکوژی لەسەر خاکەکەی بەڵگەی قوربانیدان و خۆڕاگری و ئاشتیخوازی ئەم گەلە و دڕندەیی و سامناکی دوژمنەکانین.
هەرگیز لە مێژوودا گەلی کورد دەستدرێژیکار نەبووە، بەڵکو بەردەوام بەرگریکار و پارێزگاری خاکەکەی بووە.
قوربانیانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە کە سەرجەمیان دایکەکانن مۆری دڕندەیی و بەربەری دەدا لە ناوچاوانی ئەو هێزە هاودژە لەگەڵ پرەنسیبی پارێزگاریکردن لە ژیان کە داهێنانی کرد لە دۆزینەوەی فۆرمەکانی توندوتیژی و دڕندەیی بە بەرچاوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی سەردەمی پاش مۆدێرنە و جاڕدانی ژینی مرۆڤانەتر بۆ مرۆڤەکان.
بەداخەوەین کە لەم سەردەمەی ئێمەی تێدا دەژین گەواهیدەر و بینەری تاوانێکی ئاوها گەورەبووین و تێیدا مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ئاینی و نەتەوەیی جینۆساید و پۆڵێنکاری کران لە سەپاندنی سزادا لە بەکەنیزەک کردن و کڕین و فرۆشتن و کوشتن و بڕین.
پێویستە دۆزینەوەی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە هۆکارێک بێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەر ئێزدییەکان کرا و زیانلێکەوتوان قەرەبوو بکرێنەوە و هەوڵی ساڕێژکردنەوەی برینی ئێزدییە ئاشتیخواز و ژیاندۆستەکان بدرێتەوە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خۆشحاڵە بە ڕێککەوتننامەی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێیوایە ئەو ڕێکەوتننامەیە ئاسۆی چارەسەر و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی شەنگال و گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە ئازیزەی کوردستان کردووەتەوە و هیوای گەڕاندوەتەوە بۆ هاونیشتمانیانی شەنگال و گشت کوردستان و هیوادارین هەرچی زووترە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەربەرزی بۆ شەنگالی ئازیز و سڵاو بۆ گشت کوردانی ئێزی
ڕۆحی شەهیدانی ئەو تاوانە و هەموو شەهیدانی کوردستان و سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد شاد.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
٢٤ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.