دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای کەسێک لە هەرێمی شینژیانگ پۆزەتیڤ بوو، بڕیارە پشکنینی کۆرۆنا بۆ 5 ملیۆن کەس لە ماوەی هەفتەیەکدا بکرێت.
تووشبووەکە کچێکی تهمهن 17 ساڵانە کە لە کارگەیەک کاردەکات، دوای ئەوەی لە پشکنینەکانی دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، دەستبەجێ پشکنین بۆ 800 هاوکار و خێزانەکەی دەکرێت.
بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان، هیچ هاوکارێک و ئەندامی خێزانەکەی ڤایرۆسەکەیان بۆ نەگوازراوەتەوە.
لە هەڵمەتەکەدا تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن کەس کراوە و لەو ژمارەیەش 137 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون و ئەوە دووەم جارە کە ژمارەی تووشبوونی کۆرۆنا لەو هەرێمەی چین بەرزدەبێتەوە.
هەرێمی شینژیانگ دەکەوێتە رۆژئاوای چین و زیاتر لە 10 ملیۆن موسڵمانی تێدا نیشتەجێیە، لە دوایین بڕیاری حکومەتی چین دانیشتووانی هەرێمەکە بەبێ ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنا ناتوانن ناوچەکەیان بەجێبهێڵن.
پێشتر لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا لە هەرێمی شینداوۆ، دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای 12 کەس پۆزەتیڤ بوو، پشکنینی کۆرۆنا بۆ 9 ملیۆن کەس لەماوەی پێنج رۆژدا کرا.
بەپێی ئامارەکانی وۆڵد میتەر، تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووان لە چین گەیشتووەتە 85 هەزار و 810 کەس، لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 634 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.