Erbil 38°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 07:28

دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری باڵەکایەتی دەستیپێکرد

کوردستان TV
#7
100%

دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامی هەیە و لە دوای دەڤەری سیدەکان، لە سنووری دەڤەری باڵەکایەتیش دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دەستیپێکرد.

نەبەز فەقێ، بەرپرسی دابەشکردنی سوتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لە سنووری ناحیەی سیدەکان دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد بەسەر هاووڵاتییان، پڕۆسەکە بەردەوامی هەیە و لە سنووری دەڤەری سیدەکان لە چەند ڕۆژی رابردوو نەوتی سپیمان بەسەر 4 هەزار و 13 خانەوادە دابەشکرد، ئەمیش بەپێی فۆڕمی خۆراک.

گوتیشی: لەدوای سیدەکانیش لە سنووری حاجی ئۆمەران و ناحیەی سمیلان و قەزای چۆمانیش دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی کردووە، لە یەکەم ڕۆژدا بەشێوەیەکی بەرفراوان پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێ و لە سنووری قەزای چۆمان 8 هەزار و 434 خێزان نەوتی سپیان بەسەر دابەش دەکرێت و لەدوای دەڤەری باڵەکایەتیش لەسنووری قەزای مێرگەسۆر و بلێ و بارزان دەست بە پڕۆسەکە دەکەین، چونکە ناوچە شاخاویەکان لە ئەولەویەتی کارەکانمانە بۆ ئەوەی پێش هەموو ناوچەکان نەوتی سپیان پێبدرێت.

وەک بەرپرسی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر باسی دەکات هەر خێزانێک بڕی 220 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت بە بڕی 44 هەزار دینار.

سەبارەت بە وەرگرتنی 46 هەزار دینار لەلایەن بریکارەکانی خۆراک، نەبەز فەقێ، ڕایگەیاند: ئەو دوو هەزار دینارە لە بڕی ئەوەیە هەر تانکەرێکی نەوت دەچێتە بەردەم ماڵەکان و نەوتیان پێ دەدات، واتا ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند تانکەر دەچێتە بەردەم ماڵەکان، جیاواز لە پێشتر کە هەموو بریکارەکان بەرمیلی بەتاڵیان لە شوێنێک کۆدەکردنەوە، ئەمەش بۆ خۆپارێزی و دروستنەبوونی قەرەباڵغی کارێکی گونجاوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەردەوامی دەبێت و لەدوای سنووری مێرگەسۆریش ڕوو لە سنووری قەزای ڕواندز و  ناحیەکانی خەلیفان و دۆڵی بالیسان و سنووری شەقڵاوە و هەریر و باسرمە دەکەین و دواتریش شوێنەکانی دیکە نهوتیان پێ دەدرێت.

کەریم سمکۆ

 

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.